هەرێمی کوردستانی عێراق ١٢٠ ملیارەکەی ڕادەستکرد
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی نۆ (ئەیلول) خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی (ئەیلول/٩) ی ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ڕاگەیەندراوێکی دوێنێی وەزارەتەکە هات کە ڕایگەیاندبوو، ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی خەرجی و داهاتەکانی کوردستان بۆ مانگی (ئەیلول/٩) ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە و بەدوایدا ١٢٠ ملیار دینارەکە بە شێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، ناردنی مووچە پەیوەستە بە ڕادەستکردنی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، کە لە ئێستادا هەردوو مەرجەکە جێبەجێکراوە و "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ ڕایگەیاند کە هیچ کێشەیەک بۆ ناردنی مووچە نیە. هاوکات "تەیف سامی" وەزیری دارایی عێراق دوێنێ وتی، "هەفتەی داهاتوو مووچەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەین".