پێ دەچێ دوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی تازەی هەرێم و بەربژاری سەرۆک کۆماریی عێراق ڕێککەوتبن
چەند سەرچاوەیەکی هەواڵیی ڕایانگەیاند، پارتی و یەکێتی بەسازان لەسەر بڕێک داواکاریی سەرەکی، کەوتوونەتە سەرووبەندی دەسپێکردنەوەی دانوستان بۆ پێکهێنانی کابینەی تازەی هەرێم.
دامەزراوەی کوردستان واچ لە ئەمریکا باسی نەرمیی نواندنی دوو پاتی دەسەڵاتداری هەرێمی کرد لەهەمبەر داواکارییەکانی یەکتری و نووسی؛ دوای چەند مانگ چەقبەستوویی سیاسی، هێماو نیشانەگەلێک لە پێشکەوتن لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی تازەی هەریمی کوردستان بەرچاو دەکەوێ. بەپێی ڕاپۆرەکان، یەکێتی بەرەبەرە لە داواکەی بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، کشاوەتەوە، داواکارییەک کە لەگەڵ نەیارەتی لێبڕاوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەوڕوو بوو. بەگشتی، واپێ دەچێ دوو پارتی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان بەرەو ڕێککەوتنێکی پراکتیکی هەنگاو هەڵگرن. لەو ئاراستەدا، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دەمێنێتەوە، بەڵام ژماری جێگرەکانی سەرۆکایەتی هەرێم لە دوو کەس بۆ یەک کەس کەم دەکا کە ئەویش دەدرێ بە یەکێتی نیشتمانی.
مەسرور بارزانیش جارێکی دیکە دەبێتەوە سەرۆک وەزیر و جێگرەکەشی سەربە یەکێتی دەبێ کە ئەگەری زۆر هەیە هەر قوباد تاڵەبانی بێ. پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی هەروا لەدەستدا دەبێ و یەکێتیش هەروا پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەی بەدەستەوە دەبێ و وەزارەتی داراییش دەدرێ بە یەکێتی. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە وەزارەتی شارەوانییەکان کە لەباری ڕاژەکاریی گەیاندن، زۆر گرینگە، بدرێ بە یەکێتی و لەبەرامبەردا، وەزارەتی بیناسازی و نیشتەجێبوون بگا بە پارتی. بڕیارە لە پەرلەمانی هەرێم سەرۆکایەتی پەرلەمان بدرێ بە یەکێتی و جێگرێکی سەربە پارتیشی بۆ دەسنیشان بکرێ. بەم حاڵەش، ناکۆکی لەسەر پۆستی سکرتاریەتی پەرلەمان هەروا بەردەوامە؛ پۆستێک کە بەکردەوە دەورێکی هاوشێوەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەبینێ. یەکێتی سوورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستەش وەرگرێ هەتا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان لایەنی راستی و واقیعی بەخۆوە بگرێ. لەبەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێن دەدا پشتگری بەربژاری یەکێتی بێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق. چارەسەریی ناکۆکیی نێوان پارتی ویەکێتی لەسەر حکومەتی تازەی هەرێمی کوردستان بوارخۆشکەرە بۆ ڕێککەوتنیان لە بەغداو ئەو هیوایە دێتەئاراوە کە بەڕێککەوتنی ئەو دوو پارتە لەسەر بەربژاری پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق بەشێک لە چەقبەستوویی سیاسیی ئەو وڵاتە چارەسەر بێ و هەنگاوگەلێک بۆ پێکهاتنی حکومەتی تازەی عێراق هەڵگیرێ.