ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم: پێویستە بەشە بودجەی ساڵی داهاتوو بەپێی ڕێژەی دانیشتووان دیاری بکرێ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق داوا دەکات بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ناوەندیی بەپێی رێژەی دانیشتووان کە لە دوایین سەرژمێریی سەتا ١٤ بووە، دیاری بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامداو تێیدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی وردی لەبارەی داهات و خەرجییەکانی ساڵی ٢٠٢٥ و پێشبینییەکان بۆ ٢٠٢٦ ی خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی ناوەندی هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی ٢٠٢٥ و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ خەرج بکات، کە بەبێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی ناردنیان راگیراوە. ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی دانوستاندنی راسپارد کە چوارچێوەی دەستووری و یاسایی بۆ رێکخستنەوەی بابەتی بودجە و شایستە داراییەکان ئامادە بکەن، تاوەکو بکرێتە بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.