تەقینەوەی هەژێنەر لە هەولێر، سلێمانی و کەرکوک
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوە ناوخۆییەکان و میدیاکانی عێراقیش هەواڵی ڕوودانی چەند تەقینەوەیەکیان لە کەرکوک، هەروەها لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیش لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە چەن ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی بیستراوە. گوتراوە ئەو دەنگە بەهۆی ئەو هێرشە درۆنییەی بووە کە کراوەتە سەر کۆمپانیایەکی نەوتیی ئیماراتی لە سلێمانی . تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنیەتی تەقینەوەکە و شوێنی ڕێک و ڕادەی زیانەکانی بڵاونەکراوەتەوە و نە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی عێراقیش هیچ هەڵوێستیان لەم بارەوە نەبووە. هەندێ لە راپۆرتەکانیش باسی ڕوودانی تەقینەوەیەکی هەژێنەریان کردووە لە کێڵگەی نەوتیی "جەمبوور" لە پارێزگای کەرکووک کە لە باکووری عێراقدا هەڵکەوتووە.