ئەمریکا ئیتر پشتیوانیی سەربازی ناکات لە هەرێمی کوردستانی عێراق
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەنیازە ڕێککەوتنی ئەمنیی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق نوێ نەکاتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی بی بی سی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خەریکی لێکدانەوەی کۆتایی هێنان بە پشتیوانیی ئەمنی و سەربازی لە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی ئێراقە. چوار سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بە بی بی سییان ڕاگەیاندووە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەدا بە بەرپرسانی هەرێمی ڕاگەیاندووە کە واشنتۆن لە ئێستادا بەنیازی ئەوە نییە ڕێککەوتنی هاوکاریی ئەمنی بۆ هێزی پێشمەرگە نوێ بکاتەوە. ماوەی ڕێککەوتنەکە لە ٣٠ی سێپتەمبەر کۆتایی دێت. ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ واژۆ کرا و لە ساڵی ٢٠٢٢یش ماوەی نوێ کرایەوە. پنتاگۆن لە بودجەی پێشنیارکراوی خۆیدا بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧ پێشنیاری نەهێشتنی هاوکارییەکانی هێزی پێشمەرگەی کردووە، پشتی بەوەش بەستووە کە بە شکست هێنانی داعش، بەردەوامیی ئەو تێچوونانە پێویست نییە و ئەو دراوە دەکرێ لە شوێنێکی دیکە خەرج بکرێت.