تشرینی دووه‌م 14, 2017 18:34 Asia/Tehran
  • محەممەد جەواد لاریجانی: ئێران هیچ ترسێکی نییە بۆ دانوستان لەگەڵ یەکێتی ئوروپا لەبارەی مافی مرۆڤ

سکرتێری ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگەی دادی ئێران وتی: ئەگەر یەکێتی ئوروپا لەمەڕ پرسی مافی مرۆڤ پەیمان شکێنی نەکاو بە هەڵوێستەکانیدا بچێتەوە، ئێران لە دانوستان لەگەڵ ئەو یەکێتییە، هیچ ترسێکی نییە.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما؛ محەممەد جەوادی لاریجانی ئەمڕۆ سێ شەممە پاش کۆتایی هاتنی یازدەهەمین کۆڕی ئەنجومەنی باڵای ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگەی دادی ئێران لەنێو پەیامنێراندا، مافی مرۆڤی بە بیانوویەک زانی بۆ هێرش کرانەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن رۆژاواوەو وتی: ئێران تائێستا بەنووسراوەو بەقسەش وەڵامی ئیرادەکانی مافی مرۆڤ لەئاستی جیهانی داوەتەوەو ستراتژیای ئێران، بەرەڤانی و ئامادەبوونی چالاکانەو بەڵگەمەند لەمەڕ پرسی مافی مرۆڤە.

سکرتێری ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگەی دادی ئێران، وتی: یەکێتی ئوروپا هۆگری دانوستان لەگەڵ ئێرانە لەمەڕ پرسی مافی مرۆڤ و ئێرانیش هیچ ترسێکی لەو دانوستانە نییە، بەڵام ئەوان لەدانوستانەکانی ساڵانی ڕابردوو پەیمان شکێنیان کرد و بڕیارنامەگەلێکیان لەدژ ئێران لەڕێکخراوی نەتەوەکان پەسەند کرد.

محەممەد جەوادی لاریجانی، ئێرانی بە وڵاتێکی بەرەڤانیکاری مافی مرۆڤ ناوبردو وتی: کارنامەی مافی مرۆڤی ئێران لەگەڵ ژمارێکی زۆر لەوڵاتانی دیکەی جیهان بۆ وێنە وڵاتانی ناوچە، بۆ هەڵسەنگاندن ناشێ ، چونکە هەندێ لەو وڵاتانە، بەرژەوەندیی دراڤیی ئەمریکاو ئوروپا دابین دەکەن و بەهیچ لەونێک ناخرێنە ژێر پرسیار.

سکرتێری ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگەی دادی ئێران، پێی داگرت: وڵاتانی زۆردار کە لەپرسی مافی مرۆڤ کەڵکی ئامرازانە وەردەگرن، بەزوویی لە هەڵوێستەکانیان پاشەکشە دەکەن.

 

سەرپەیڤ