حوزه‌یران 19, 2017 17:27 Asia/Tehran
  • یەکەم کاروانی سەربازانی تورک گەیشتە قەتەر

بەئاراستەی جێ بەجێ کرانی خێرای ڕێککەوتنی سەربازی تورکیاو قەتەرو لەپاش ئاڵۆزبوونی پەیوەندیی ئەو وڵاتە لەگەڵ دراوسێکانی سەربازانی سوپای تورکیا بەئامانجی جێگیربوون لە بنکەیەکی سەربازی قەتەر گەیشتنە دۆحە .

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە حورییەت، یەکەم کاروانی سەربازانی سوپای تورکیا بەئامانجی جێگیربوون لە پێگەی سەربازی تارق بن زیاد لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، گەیشتنە ئەو وڵاتە.

پاش ئەوەی پەیوەندیی نێوان قەتەر و دراوسێکانی بەسەرۆکایەتی عەرەبستانی سەعودی، تێکچوو، ڕێککەوتنی سەربازی نێوان تورکیاو قەتەر کە تاووتوێی و پەسەندکرانی لە دەمێک پێشترەوە دەسپێکرابوو، خێرابۆوەو سەرەنجام رۆژی ڕابردوو ١٨ی ژۆئەن سەربازانی تورکیا گەیشتنە قەتەر.

کەناڵی هەواڵیی ئەلجەزیرە بەبڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەکاروانی ئۆتۆمبیلە سەربازییەکانی هەڵگری هێزەکانی سوپای تورکیا لەسەر شەقامەکانی دۆحە، ئەو هەواڵەی ڕاگەیاندووە.

رۆژی حەوتی ژۆئەن، دوو ڕۆژ پاش ئەوەی عەرەبستانی سەعودی، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین ومیسر، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاندو ئەو وڵاتەیان بایکۆت کرد، پەرلەمانی تورکیا جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی سەربازی نێوان تورکیاو قەتەری خێرا پەسەند کرد هەتا سوپای تورکیا بتوانێ هێزە سەربازییەکانی خۆی لە پێگەی سەربازی قەتەر جێگیر بکات.

سەربازانی سوپای تورکیا رۆژی ڕابردوو دەسبەجێ پاش ئەوەی گەیشتنە پێگەی سەربازی تارق بن زیاد، پرۆڤەو مەشقی سەربازی خۆیان دەسپێکرد.