ئه‌یلوول 14, 2017 13:47 Asia/Tehran
  • دەرکرانی بڕیاری گرتنی دەیان کەسی دیکە لە تورکیا

دەزگەی دادی تورکیا بڕیاری گرتنی ٧٩ کەس لە فەرمانبەرانی پێشووی خوێندنگەکانی ئەم وڵاتەی دەرکرد بە تۆمەتی دەستێدابوون لە کودەتای بێ ئاکامی ساڵی ٢٠١٦ دژ بە دەوڵەتی تورکیا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ ئەم ٧٩ کەسە گومانی ئەوەیان لە سەرە کە نەرم ئامێری پێوەندیی گشتیی بایلاک bylock "یان لە موبایلەکەیاندا هەیە.

بە وتەی کاربەدەستانی ئانکارا، ئەندامانی گولەن لە ڕێگای ئەم نەرم ئامێرەوە پێوەندییان کردووە بە یەکترییەوە.

کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا دەڵێن؛ نزیکەی ١٧٠ هەزار کەس  لەگەڵ خودی فەتحوڵڵا گولەن لە پێوەندیدا بوونە و ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەستیان بووە لە کودەتای بێ ئاکامی ١٥ی ژولایی ٢٠١٦دا.

تورکیا بانگەشە ئەوە دەکات کە گوایە فەتحوڵڵا گولەن کە دانیشتووی ئەمریکایە و سەردەمێک یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەهاتە ئەژمار، بە دزە کردنە نێو دام و دەزگەی دادەوانی، سەربازی، فێرکاری و سیستەمە دەوڵەتییەکان، کودەتای بێ ئاکامی ١٥ی ژولایی ساڵی ٢٠١٦ی وەڕی خستووە، بانگەشەیەک کە گولەن بە هیچ لەونێ ناچیتە ژێر بارییەوە و بە توندی ڕەتی دەکاتەوە.

دەزگە ئەمنی و دادەوانییەکانی تورکیا بە فەرمانی ئەردوغان دوابەدوای کودەتاکەی ژولای ٢٠١٦ تا ئێستا هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی دۆخی نائاسایی لەم وڵاتە، زیاتر لە ٥٠ هەزارکەسیان گرتووە و نزیکەی ١٥٠ هەزار کەسیشیان لە سەر کار و پۆستی دەوڵەتی وەلا ناوە.

سەرپەیڤ