ئه‌یلوول 17, 2017 15:54 Asia/Tehran
  • رۆژنامەنووسی دەستگیرکراوی فەڕەنسی لە تورکیادا ئازاد کرا

لێئۆپ بۆراڤۆ، رۆژنامەنووسی فەڕەنسی کە ٢ مانگ لەوە پێش لە شڕناخی تورکیا دەستگیر کرا لە یەکەمین دانیشتنی دادگەدا بە حوکمی دادوەری دۆسیەکە لە زیندان ئازاد کرا.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس، لێئۆپ بۆراڤۆ، رۆژنامەنووسی فەڕەنسی کە ٢ مانگ لەوە پێش لە ناوچەی کوردنشینی شڕناخی تورکیا قۆڵبەست و دەستگیر کرا، پاش پەیوەندیگەلی دیپلۆماتیک و سیاسیی نێوان ئەنقەرە و پاریس، لە یەکەمین دانیشتنی دادگەدا بە حوکمی دادوەری دۆسیەکە لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو لە 25ی جووڵای 2017 لە کاتێکدا کە هەوڵی دەدا لە سنووری خابوور بچیتە ناو خاکی تورکیا دەستگیر کرا. ناوبراو لە لایەن دادستێنی کۆماری تورکیا تۆمەتی "پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان"ی خرایە پاڵ و ماوەی دوو مانگە لە زیندانی تورکیا ڕاگیراوە.

مارتین پرادل، پارێزەری ئەو رۆژنامەنووسە فەڕەنسییە ڕایگەیاندووە لە بۆراڤۆ دوای ماوەیەکی کەم دەگەڕێتەوە فەڕەنسە. ئەو رۆژنامەنووسە کە دانیشتووی هەولێرە، مەبەست لە سەفەرکردنی بۆ تورکیا تێپەڕاندنی پشوودانی هاوینی ڕاگەیاندووە. ئەو رۆژنامەنووسە ویستوویەتی لە رێگەی ئەزمیرەوە بچێتە ئەستەنبۆڵ.