نیسان 17, 2018 16:38 Asia/Tehran
  • نارەزایەتی دەربڕینی نەیارانی حکومەتی تورکیا بە درێژەی باری نائاسایی

لایەنگرانی پارتی نەیاری حکومەتی تورکیا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە درێژەی ئەو بارە نائاساییەی پاش کودەتا بێ ئەنجامەکەی ساڵی٢٠١٦ لەو وڵاتەدا جێگیربووە، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی هاواهەنگیان خستەنێو بەرنامەی کاریانەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئاسۆشوەیتدپرێس، ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانە دوێنێ دووشەممە لەکاتێکدا لەهەموو هەشتاو یەک پارێزگاکەی تورکیا بەڕێوەچوو کە حکومەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ئامادە دەبێ هەتا لەم حەوتەدا باری نائاسایی بۆ جاری حەوتەم درێژ بکاتەوە.

پاش ئەوەی کە هێزەکانی پۆلیسی تورکیا پێشیان گرت بە هاتنی ناڕازییان بۆ مەیدانی تەقسیم لە ئەستەمووڵ، بەسەدان کەس لەلایەنگرانی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، لەشەقامێکی نزیک مەیدانی تەقسیمی ئەستەمووڵ کۆببنەوە.

پارتی کۆماریخوازی گەل(جەهەپە) بەبۆچوونی خۆی حکومەتی تورکیای تۆمەتبارکردووە بە کەڵک وەرگرتنی نارەوا لە دەسەڵات لە جێ بەجێ کردنی باری نائاسایی هەتا بەم شێوە، بەسەر پەرلەماندا بازبدات، دیموکراسی لەبەین ببات وڕەخنەگرانی حکومەت پێوشوێن بگرێ.

حکومەتی تورکیا جەخت لەوە دەکا کە جێ بەجێ کرانی باری نائاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەو گوڕەشە ئاسایشییەکان، پێویستە.

پاش کودەتای بێ ئەنجامی پانزەی ژوولای٢٠١٦ زیاتر لە پەنجا هەزار کەس تائێستا بەتۆمەتی پەیوەندیگرتن بە تاقمی فەتحوڵڵا گولەن لەتورکیا گیراون و نزیک بە١٢٠هەزار کەس لە کارو پیشە حکومەتییەکان لەتورکیا دەرکراون.

حکومەتی تورکیا، فەتحوڵڵا گولەن بەئەنجامدەری کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ئەو وڵاتە دەزانێ بەڵام گولەن چەندین جار دەسوەردان لە کودەتای ڕەت کردۆتەوە.