تشرینی یه‌که‌م 10, 2019 07:44 Asia/Tehran
  • پارتی دیموکراتی گەلان: ھێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا پێشێلکردنی پەیمانە نێونەتەوەییەکانە

پارتی دیموکراتی گەلان لە بەیاننامەیەک دا وێڕای ئیدانەکردنی شاڵاوەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سووریا ڕایگەیاند: ھێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا پێشێلکردنی پەیمانە نێونەتەوەییەکانە.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە بەیاننامەیەک دا سەبارەت بە لەشکرکێشیەکەی تورکیا بۆ سەر سووریا رایگەیاند، ئەو کارە دەستدرێژیە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچە سنوریەکانی باکور و رۆژهەڵاتی فورات و لە ڕاستی دا دژی ھێزە دیموکراسی خوازەکانەو سێرەی بۆ گیانی ھاوپشتیی نێوان گەلان گرتووە.

لە راگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی گەلان کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بڵاو کرایەوە، بە توندی سەرکۆنەی لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا کراوەو راشگەیەندراوە کە: ئەو کارە  کورد و دیموکراسیەتی تورکیا بەئامانج دەگرێـت. ئاماژە بەوەشکراوە "هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکان بە هەمانشێوە دەستدرێژیە بۆ سەر گەلانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە، بە تایبەتی گەلانی ئێزدی و تورکمان و ئەرمەنی و ئاشوری و عەرەب.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی گەلان دا هاتووە: ئەو لەشکرکێشی و توندئاژۆییەی تورکیا بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی پارتێکی سیاسی و لایەنێکی دیاریکراو نیە، بەڵکو دژ بە کورد و دەستکەوتەکانی ئەو دیموکراسیەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا بنیادنراوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هەدەپە ڕایگەیاندووە: ئەو هێرشە کە سەرجەم نەریتە مرۆڤایەتی و دیموکراسیەکان بە ئامانج دەگرێت، بە هەوڵدان بۆ کردنەوەی رێگە لەبەردەم ژیانەوەی رێکخراوی چەکداری داعش هەژماردەکرێت، کە پێشتر دژ بە ئایینە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕی ھەڵایساندووە.

ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە باسی دەست پێ بوونی ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەم وڵاتە لە باکووری سووریای کرد بە بیانووی خەباتی دژی کوردانی ئەم وڵاتە.

«فۆئاد ئۆکتای» جێگری سەرۆک کۆماری تورکیاش لەپاش دەست پێ بوونی ئۆپراسیۆنی بە ناو «چاوگەی ئاشتی» بانگەشەی کرد کە ئامانج لەو ئۆپراسیۆنە گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ سووریایە.

ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا لەگەڵ ئیدانە کرانی بەربڵاوی نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە.

سەرپەیڤ