تشرینی یه‌که‌م 13, 2018 17:25 Asia/Tehran
  • جۆ بایدن: ترامپ بەهاکانی ئەمریکا دەخاتە نێو زبڵدان

جێگری سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە نوێترین شەڕەقسەی دژ بە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ناوبراو بە کردەکانی بەهاکانی ئەو وڵاتە دەخاتەنێو زبڵدان.

بەپێی ڕاپۆری گۆڤاری هیل، "جۆ بایدن" جێگری باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا رۆژی هەینی لە توندترین ئاخاوتنی دژ بە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئێستای ئەو وڵاتە لە گردبوونەوەیەک لە شاری"ئوینگسڤیل" لە کێنتاکی وتی: بەو جۆرەی ترامپ ئەمریکییەکان مەسخرە و ناوزڕاو دەکا، تەنیا بەهاکانی ئەمریکا دەخاتەنێو زبڵدان.

جۆ بایدن ئەو لێدوانانەی لە گردبوونەوەیەک بۆ داکۆکی لە "ئێمی مەک گراس" بەربژێری دێموکراتی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس هێنایە ئاراوە.

جێگری سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانی کەواپێ دەچوو، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی٢٠٢٠ دەبێتە کاندید، ئەو پرسەی بەدرۆخستەوەو وتی: پێی وایە، کەسانێکی زۆر لە پارتی دیموکراتدا هەن کە دەتوانن ترامپ شکست پێ بێنن.

دۆناڵد ترامپ و جۆ بایدن لەچەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار بەلێدوانی توندیان پەلاماری یەکتریان داوە.

جۆ بایدن بەرلەوەو لە مانگی مارسیش ڕایگەیاند؛ "ئەگەر دۆناڵد ترامپ لەخولی دواناوەندی لە قوتابخانەیەک بومایە، لەبەر لێدوانی سوکێتی پێکەرانەی دژ بە ژنان و پیاوانی ئەمریکی تا بۆم دەکرا تێم هەڵدەدا".

ترامپیش لە کاردانەوە بە لێدوانەکانی بایدن وتبووی کە"ناوبراو چ لەباری جەستەیی و چ لەباری ئاوەزەوە مرۆڤێکی لاوازەو بەم حاڵەشەوە هەروا هەڕەشەی پەلاماری فیزیکیم لێ دەکا، بەڵام بەجۆرێک خێراو سەخت لە حەرزی دەدەم کە هەموو ڕێگاکە بەگریان بپێوێ".