تشرینی دووه‌م 07, 2018 08:18 Asia/Tehran
  • درێژەی کاردانەوەکان لەھەمبەر بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران

لە درێژەی کاردانەوەکان لەھەمبەر بایکۆتەکانی نایاسایی ئەمریکا دژی ئێران، سەرکردەو ڕێبەرانی وڵاتانی ناوچەکەو جیھان پێبەند نەبوونی خۆیان بەو بایکۆتانەی ئەمریکا دژی ئێرانیان ڕاگەیاند.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند: وڵاتەکەی نابێتە بەشێک لە بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم، عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بەغدا نەیاری بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا دژی ئێرانە، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: عێراق شوێنی ئەو بایکۆتانە ناکەوێت.

سەرۆک کۆماری ڕووسیاش بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا دژی ئێرانی بە تەواوی نایاساییانە زانی.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی سپۆتنیک، کۆشکی کرملین وێڕای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕۆژی سێ شەممە لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشتی نیشتیمانیی ڕووسیا، بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێرانی لێکدایەوەو پێی داگرت: کردەوەو بایکۆتەکانی واشێنگتۆن دژی تاران بە تەواوی نایاساییە.

ھەروەھا سەرۆک کۆماری میسر، داسەپێندرانی بایکۆتەکانی ئەمریکا بە سەر جەماوەری ئێرانی بە ھۆکاری تێکچوونی سەقامی ناوچەکە زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی میسریی ئەلفەجر، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر ڕۆژی سێ شەممە لە یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بە بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران پێی داگرت: تێکچوونی سەقام شوێنێکی نەرێنی لە سەر ھەموو لایەک دادەنێت، ھەر وڵاتێک سەقامەکەی تێک بچێت، ئەو تێکچوونەی سەقامەکەی بەرەو لای وڵاتانی دیکەش تەشەنە دەستێنێ و شوێن لە سەر ھەموومان دادەنێت.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەسپانیاش وێڕای ڕەخنەگرتن لە کشانەوەی یەک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی دژی ئێران جەختی کرد: مادرید ھەڕەشەو گوڕەشەکانی دژی تارانی پێ قەبووڵ ناکرێت.

وتەبێژی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی فەلەستین« حەماس » یش لە بەیاننامەیەک دا وێڕای ئیدانەکردنی داسەپێندرانی بایکۆتەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا پێی داگرت: ھەڵوێستی ئەم بزوتنەوەیە لە مەڕ ئیدانەکردنی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران ھەڵوێستێکی ئاسایی دژی زۆربێژییەکانی ئەمریکایە.

حەماس لەو بەیاننامەیەدا وێڕای جەخت کردن لە سەر ئەمەی کە واشێنگتۆن بەردەوام لە ئاراستەی خزمەت کردن بە ڕژێمی زایونی دەجوڵێتەوە، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: ئامانجی ئەمریکا لە داسەپاندنی دووبارەی بایکۆتەکان بە سەر ئێران دا، تێکدانی ئاسایشت و سەقامی ناوچەکەو لاواز کردنی تەوەرەی خۆڕاگرییە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ناوی ٧٠٠ کەس و کۆمپانیاو بانک و فڕۆکەو پاپۆڕی ئێرانیی خستەنێو پێڕستی بایکۆتەکانیەوە.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەکی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا واژۆ کرا بوو، ڕاگەیاند.قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە پێنجەمی نوامبەرەوە چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە و زۆرێک لە وڵاتانی جیھان خوازیاری پاراستن و پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندان.