ئاب 11, 2019 11:25 Asia/Tehran
  • بەڕێوەچونی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە لیبی؛ گوترێش پەلاماردرانی بنغازیی ئیدانە کرد

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان شەوی یەکشەممە دوابەدوای کوژرانی سێ فەرمانبەری ئەم ڕێکخراوەیە لە لیبی، بە داخوازی فەرەنسا کۆبوونەوەی نائاسایی بەڕێوە برد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "ستێفان دوجاریک" وتەبێژی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە نوێنەرایەتی لە "ئانتۆنیۆ گوترێش" ـەوە لە دەسپێکی ئەو کۆبوونەوە نائاساییەدا پەلاماردرانی فەرمانبەرانی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە شاری "بنغازی"ی لیبی بە توندی ئیدانە کرد.

"دوجاریک" وتیشی کە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان داوا لە لایەنەکانی شەڕ و پێکدادان لە لیبی دەکات ڕێز دابنێن بۆ ئاگربڕی مرۆڤدۆستانە لە ڕۆژانی جەژنی قوربان و لە ئاراستەی گەیشتن بە داهاتوویەکی ئاشتیانە کە شیاوی خەڵکی لیبییە، بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.

نوێنەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی پاراستنی ئاشتیش لەو کۆبوونەوەیەدا وتی: پەلاماردرانی فەرمانبەرانی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر ڕووی داوە.

"منصور العتیبی" Mansour Al-Otaibi نوێنەری هەمیشەیی کوەیت لە ڕێکخراوی نەتەوەکانیش لەو کۆبوونەوەیەدا بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە قەیرانی لیبی ڕێگاچارەی سەربازیی نییە، داوای لە لایەنەکانی شەڕ و پێکدادان لەو وڵاتە کرد کە پێبەند بن بە ئاگربڕ.

ئێوارەی شەممە بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری بنغازی لە باکووری لیبی لانیکەم ٣ فەرمانبەری ڕێکخراوی نەتەوەکان لەم وڵاتە کوژران.

بە داخوازی فەرمانبەرێتی پشتیوانیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە لیبی ڕۆژی شەممە ئاگربڕێکی سێ ڕۆژە بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان لەم وڵاتە دامەزراوە.