ئه‌یلوول 17, 2019 09:21 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی لەندەن و بروکسێڵ لە سەر خێراتر کردنەوەی پرۆسەی دانوستان سەبارەت بە برێگزیت

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا سەبارەت بە پێویستیی خێراتر کردنەوەی ڕەوتی دانوستانەکانی چوونەدەری لەندەن لە یەکێتیی ئەورووپا ناسراو بە برێگزیت، گەیشتنە تەبایی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیی بەریتانیا ڕایگەیاند: "بوریس جانسۆن" سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە و "ژان کلۆد یونکەر" سەرۆکی کۆمسیۆنی  ئەورووپا ڕۆژی دووشەممە گەیشتنە تەبایی لە سەر ئەوەی کە دانوستانەکان لە ئاستی سیاسیی لە نێوان "میشێل بارنیە" دانوستانکاری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە کاروباری برێگزیت و "ستێڤێن بارکلی" وەزیری برێگزیتی بەریتانیا درێژەی پێ بدرێت.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە؛ جانسۆن پێداگری کرد لە سەر هۆگریی خۆی بە گەیشتنە تەبایی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ڕایگەیاند کە ماوەی برێگزیت لە ٣١ی ئۆکتۆبەر نوێ ناکرێتەوە. یونکێریش لەو دیدارەدا جەختی کردووە کە بەریتانیا ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیە کە ڕێگاچارەیەکی پراکتیکاڵ و یاسایی شیاوی پێشنووسی پەیمانی برێگزیت ئامادە بکات. 

بەریتانیا کەمتر لە ٤٦ ڕۆژ دەرفەتی ماوە بۆ ئەوەی سەبارەت بە چۆنیەتی چوونەدەر لە یەکێتیی ئەورووپا بگاتە تەبایی و یان بەبێ ڕێککەوتن ئەو یەکێتییە بەجێ بێڵێ. جانسوون سوور و پێداگرە کە هیچ هۆگریی برێگزیتی بە بێ ڕێککەوتن نییە، بەڵام دەوڵەتەکەی هەموو تەگبیری پێویست بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو سناریۆیەی پێشبینی کردووە.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هیچ دەوڵەتێک لە بەریتانیا نەیتوانیوە بەڵێنی برێگزیت بە کردەوە جێبەجی بکات.

سەرپەیڤ