ئه‌یلوول 13, 2017 21:17 Asia/Tehran
  • کۆتلە سیاسییەکانی عێراق بە نیازی سەندنەوەی متمانەن لە فۆئاد مەعسوم

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە دانیشتنێک لە نێوان کاربەدەستانی سیاسیی عێراق دا کراوە بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت لە ئاراستەی سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا بە گێڕانەوە لە ئێرەم نیوز، سەرچاوە عێراقییەکانی سەربە هاوپەیمانیی شێعە لە عێراق دا ڕایانگەیاندووە کە تاقمەکانی نێو ئەم هاوپەیمانییە بە هاواهەنگیی لەگەڵ ساڵح موتلەگ لە ڕێبەرانی سوننە بەنیازن هێندێک واژۆ لەنێو پەرلەماندا کۆ کەنەوە بۆ سەندنەوەی متمانە لە فۆئاد مەعسومی سەرۆک کۆماری عێراق، چونکو ناوبراو نەیارەتیی خۆی لەگەڵ ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستاندا ڕانەگەیاندووە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان وتووە کە، دانیشتنێک لە نێوان ساڵح موتلەگ و نوری مالکی جێگرانی سەرۆک کۆماری عێراق لە ماڵی مالکی لە ناوچەی خەزرادا سەبارەت بە سەندنەوەی متمانە لە فۆئاد مەعسومی سەربە هاوپەیمانیی کورد بەڕێوە چووە.

ئەم سەرچاوانە باسی ئەوەشیان کردووە کە ڕێبەرایەتی کردنی ئەم هەنگاوانە بۆ کۆکردنەوەی واژۆی نێو پەرلەمان بە ئەستۆی مالکی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمارو سەرکردەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە و ناوبراو ئەم کارە بە هاواهەنگی لەگەڵ تاقمە سیاسییە سوننەکان ئەنجام دەدات کە هەڵکەوتەترینیان هاوپەیمانیی ئەلعەرەبییە بە سەرکردایەتیی ساڵح موتلەگە.

هەر لەم حاڵەدا فائیق شێخ عەلی لە نوێنەرانی سەربەخۆی هاوپەیمانیی مەدەنی ڕایگەیاندووە کە هێندێک ڕوانگە لەنێوخۆی پەرلەماندا بۆ لادانی فۆئاد مەعسوم و نەجمەددین کەریمی پارێزگاری کەرکوک لە ئارادایە.

ناوبراو ئەوەشی وتووە کە، نەجمەددین کەریم پێ لە سەر ئەوە دادەگرێت کە لە کەرکوکیش دا ڕاپرسیی جیابوونەوە لە عێراق لە 25ی سپتامبەردا بەڕێوە بچێت.

ئەم نوێنەرەی عێراق بە ڕاشکاوی وتووشیەتی: کۆکردنەوەی واژۆ لە نێوپەرلەمان بۆ لادانی فۆئادمەعسومی سەرۆک کۆمارو نەجمەدین کەریمی پارێزگاری کەرکوک و پەسەند کردنی یاساوڕێسایەک بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ ڕیفراندۆم لەو ئامێرانەی گوشارهێنانە لەهەمبەر کردەوەکانی داهاتووی کورددا.