کانونی دوھەم 09, 2019 10:26 Asia/Tehran
  • هاوپەیمانی سەعودیا تائێستا ١٩٢٤جار ئاگربەسی حودەیدەی بەزاندووە

"یەحیا سەریع" وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن دوێشەو سێ شەممە ڕایگەیاند؛ هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی تائێستا ١٩٢٤جار ئاگربەس لە شاری حودەیدەی بەزاندووە.

ئاگربەسی ڕێککەوتن لەسەرکراوی سۆئێد لەنێوان شاندی نێردراوی سەنعاو شاندی ریاز لە سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە ١٨ی دیسەمبەرەوە لەشاری حودەیدە لە ڕۆژاوای یەمەن دەس پێ بووە بەڵام هاوپەیمانی سەعوودی هەر رۆژ پێشێلی دەکا.

بەندەری حودەیدە سەرەکیترین ڕێگای ناردنی یارمەتیی مرۆیانە بۆ یەمەنە.

چوارەمین خولی دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن لە شەشی دیسەمبەرەوە بەئامادەبوونی لایەنە یەمەنییەکان بەسەرۆکایەتی "مارتین گریفیتس" نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ستۆکهۆڵمی سۆئێد دەس پێ کراو رۆژی پێنج شەممە١٣ی دیسەمبەر بەڕێککەوتن لەسەر ئاگربەس لە حودەیدە، کۆتایی بەکارەکەی هێنا.

تائێستا چەندین جار بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن هەنگاونراوە بەڵام هەموو جارێک بە تەگەرەنانەوەی عەرەبستان و هاوپەیمانانی بەبنبەست گەیشتووە.

عەرەبستان بە پاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لەمارسی٢٠١٥ـەوە دەستی کردووە بە دەسدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن و ئەو وڵاتەی گەمارۆی زەوینی، دەریایی وئاسمانی داوە. شەڕخوازیی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن تائێستا کوژرانی زیاتر لە چواردە هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.

دەسدرێژکاریی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژاری یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی خۆراک و دەواو دەرمان کردووە.