کانونی یه‌که‌م 11, 2019 21:08 Asia/Tehran
  • ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس لە سەروبەندی پووچەڵ بوونەوەدا

چلەمین جڤینی بەرپرسانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس ڕۆژی 10ی دێسەمبەر لە ڕیازی پێتەختی سەعوودیا، بەڕێوە چوو.

ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس لە ساڵی 1981 و بە ئامانجی هاولایەنی و کۆدەنگی سیاسی، ئاسایشی و ئابووری لە نێوان شەش وڵاتی ئەندام بریتی لە سەعوودیا، ڤیلایەتە عەرەبیە یەکگرتووەکان، بەحرەین، قەتەر، کووەیت و عەمان پێک هاتووە. چلەمین جڤینەکەش لە هەلومەرجێکدا بەڕێوە چوو کە ئامانجە سەرەکیەکەی، کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان قەتەر لەگەڵ عەرەبستان، ڤیلایەتە عەرەبیە یەکگرتووەکان و بەحرەین بوو.

لە ڕاستیدا نەک تەنیا هاولایەنی لە نێوان 6 وڵاتی ئەندام لە ماوەی 4 دەیەی ڕبردوودا وەدی نەهاتووە بەڵکوو ناکۆکی نێوان ئەندامان هەتا ڕادەیێک زیادی کردووە کە تەنانەت بەرپرسانی هەندێک لە وڵاتان، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبوون. ناکۆکیەکان بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە کاربەدەستانی ئێستاکە و پێشووی وڵاتانی ئەندام، بە فەرمی باسی مردن و پووچەڵ بوونەوەی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارسیان کردووە. شێخ حەمەد بێن جاسەم سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر ساڵی ڕابردوو بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس بووەتە ڕێکخراوێکی لەبەر یەک هەڵوەشاوە.

سەعوودیا هەر وەک چۆن لە شەڕی یەمەندا تووشی هەڵە بوو و لای وا بوو لە ماوەی چەند حەوتەدا شەڕەکە دەباتەوە، لە ناکۆکی لەگەڵ قەتەریشدا ڕێک تووشی هەر ئەو هەڵەیە بوو و دۆحە نەک تەنیا لەبەرامبەر گوشارەکانی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی چۆکی دانەدا بگرە لە کردەوەشدا سەربەخۆیی خۆی لە پرسە جۆربەجۆرەکان و لەوانە سیاسەتی دەرەکیدا سەلماند.

هەر لەم پەیوەندیەدا محەمەد بێن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر چەند ڕۆژ لەمەو پێش پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە چوارچێوەی "دراوسێیەتیەکی شیاو" لێک دایەوە و بە فەرمیش ڕایگەیاند کە کە لەبیری ناکەین چۆن ئێران ئاسمانی خۆی لە ڕووماندا کردەوە. ئەم ڕادەربڕینە فەرمیە لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە گرینگترین ویستەکانی عەرەبستان لە پاش پچڕانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ قەتەر، پچڕان یاخود کەمکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوو.

ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس لە سەروبەندی پووچەڵ بوونەوەدا

لە هەلومەرجێکدا کە ئامادە نەبوونی میری قەتەر، پاشای عەمان و سەرۆکی ڤیلایەتە عەرەبیە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەکەی ڕیازی خستبووە ژێر کارتێکردنی خۆی، سەعوودیا بۆ جارێکی تر، هەڵوێستی ڕابردووی خۆی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی هەر لەو جڤینەدا دووپات کردەوە کە هەڵبەت لەلایان وڵاتانی ترەوە پێ و شوێن نەگیردرا و هاوڕێیەتی نەکرا هەتا بەو چەشنە دەرکەوێ لە کردەوەدا ڕیاز جێ و شوێنی باڵای خۆی لە ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس لە قیسپ داوە.

 

سەرپەیڤ