شوبات 14, 2020 08:39 Asia/Tehran
  • دوای توڕەبوونی روسیا... تورکیا هەڕەشەى هێرش کردرن لە بەرەی نوسرەى هاوپەیمانى دەکات

دوای تۆمەتبار کرانی تورکیا لەلایەن رووسیاوە بەوەی شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی سوچی و دوور خستنەوەی گرووپە توندرەوەکان لەناوچەکە کە مەبەست لێی دەستەی رزگارکردنی شامە (بەرەی نوسرەی پیشوو) ئانکارا رایگەیاند، ئەوان ئامادەن هێرش بکەنە سەر توندڕەوەکانیش ئەگەر بێت و لەناوچەکە ڕێز لە ئاگربەست نەگرن .

خەلووسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند کە سوپای تورکیا لە ئیدلب هێز دژی ئەو لایانانە بەکاردەهێنێت کە ڕێز لە ئاگربەست ناگرن لە ناویشیاندا توندڕەوەکانیش بەر هێرشەکان دەکەون، وەک ئاماژەیەک بۆ بەرەی نووسرە کە یەکێکن لە بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی لایەنگرى تورکیا.

ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگری تورکیا دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، گرووپە چەکدارییەکان بەردەوامن لە کارە ئاژاوەگێڕییەکانیان کە بەوتەى خۆى هاندەر بوون بۆ هێزەکانی دیمەشق تا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکە ئەنجام بدات، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەسەد.

هەروەها وتویەتی کە بەرەی نووسرە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئانکارا هەموو ئەو هەوڵانەیان شکست پێهێناوە کە رووسیا و دیمەشق بە مەبەستی سووک کردنی گرژییەکانی ئیدلب داویانە .