تشرینی یه‌که‌م 10, 2017 10:38 Asia/Tehran
  • هۆشداریی عه‌لاوی له‌ هه‌ڵگرسانی شه‌ڕ له‌ نێوان هه‌ڤلێر و به‌غدا

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە مەسعود بارزانی‌ و حەیدەر عەبادی کرد دەست بۆ بژاردەی سەربازی لەدژی یەکتر نەبەن و خۆیان له‌م مه‌ترسییه‌ به‌ دوور بگرن.

به‌ پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر بە گێڕانەوە له‌ مه‌یادین، ئه‌یاد عەلاوی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە مەسعود بارزانی‌ و حەیدەر عەبادی کرد دەست بۆ بژاردەی سەربازی لەدژی یەکتر نەبەن.

ئه‌و لە میانی چاوپێکەوتنێک وتی: دەستبردن بۆ بژاردەی سەربازی لە لایەن بەغداو هەولێرەوە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە نابێت هیچ لایەکیان دەست بۆ ئەو بژاردەیە بەرن.

جێگری سەرۆک کۆماری عێراق هه‌روه‌ها زیادی کرد: پێویستە مەسعود بارزانی‌ و حەیدەر عەبادیی سەرۆک وه‌زیران پشوودرێژبن‌ و دان خۆیاندا بگرن‌ و لەر ێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەن.

عەلاوی هۆشداری لەبارەی دۆخی کەرکوکیش داوە و رایگەیاند: دەبێت ئەو هێزانەی لەبەرانبەر یەک دانراون لەیەکتر دووربخرێنەوە و هه‌رچی زووتره‌ گفتوگۆ بکرێت، تا پێکدادانی سەربازی روو نەدات.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ بەهۆی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم کێشە و ئاڵۆزییەکانی هەولێر و بەغدا ماوەیەکە رووی لەقووڵبوونەوەی زیاتر کردووە و ئێستاش بەو هۆیەوە ئەگەری پێکدادان لە چەند ناوچەیەک ده‌کرێت.

شایانی باسه‌ که‌ ئه‌یاد عەلاوی دەستی بەچەند هەوڵێک بۆ نێوەندگیری هەولێر و بەغدا کردووە و چەند کۆبوونەوەیەکیشی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجام داوە.