تشرینی دووه‌م 11, 2017 11:27 Asia/Tehran
  • شێرکۆ جەودەت: هەولێر بێجگە لەڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا ، هیچ ڕێگایەکی لەبەردەمدا نییە

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی لێژنەی وزە و سامانە گشتییەکان و ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستانی ئێراق بەئاماژە بە داکشانی ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەمانگی ڕابردوودا، پێی داگرت: داهاتە نەوتییەکان، گیروگرفت و کێشە دراڤییەکانی هەرێم دابین ناکا و تەنیا ڕێگاچارە، ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدایە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، شێرکۆ جەودەت لە دیمانە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی سلێمانییە نیوز، بەڕاگەیاندنی ئەو بابەتە وتی: بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، ئەگەرچی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەوبارەوە هیچ زانیارییەک ناخاتە ڕوو، بەڵام ئێستا هەناردەی نەوتی باکووری ئێراق بۆ کەمتر لەنیوە، کەمی کردووە بەجۆرێک کە گەیشتووەتە ٢٥٠هەزار بەرمیل لەڕۆژدا.

ناوبراو وتیشی: بەرلەوە، هەناردەی نەوتی کوردستانی ئێراق کە نەوتی کەرکووکیشی لەخۆ دەگرت، ڕۆژانە دەگەیشتە٦٥٠هەزار بەرمیل.

شێرکۆ جەودەت پێی داگرت؛  کوردستانی ئێراق بەرلەوە، بە فرۆشتنی ٦٥٠هەزاربەرمیل لەڕۆژدا ٤٥٠ملیارد دینار(هەر ڕۆژ١٢٥٠دیناری ئێراقی هاوسەنگی دۆلارێک) داهاتی بوو کە بەهۆیەوە مووچەی کەمتر لە نیوەی فەرمانبەران دەدرا.

ناوبراو وتیشی: بەهۆی ڕەوشی ئێستای دراڤی، هەرێمی کوردستانی ئێراق هیچ ڕێگایەکی جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فدراڵی ئێراق لەبەردەمدا نییە .

بە کۆنترۆڵ کرانی شاری کەرکووک لەلایەن حکومەتی فدراڵی ئێراق پاش بەڕێوە چوونی گشت پرسیی یەکلایەنە لە کوردستانی ئێراق، سەرچاوە نەوتییەکانی ئەو پارێزگایە لە کۆنترۆڵی نایاسایی هەرێمی کوردستانی ئێراق، هاتەدەر.