کانونی یه‌که‌م 04, 2018 18:51 Asia/Tehran
  • هەوڵدان بۆ پێوشوێنگرتنی چارەنووسی پێشمەرگە دیلکراوەکانی دەست داعش

نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق پێی داگرت کە لەڕێی فراکسیۆنی ئەو پارتەو هەروەها کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی پێشمەرگە دیلکراوەکانی دەست داعش هەوڵ دەدرێ.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "ناسر هەرکی" نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان ڕایگەیاند کە پرسی چارەنووسی پێشمەرگە دیلکراوەکانی دەست داعش لەدانیشتنی ناوخۆی ئەو کۆمیسیۆنە هاتەئاراوەو بڕیار درا، هەوڵی پێویست بدرێ بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی پێشمەرگە دیلکراوەکان .

ناوبراو کە لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان قسەی دەکرد، وتی کە لەمیانەی شەڕی داعش، ژمارێک پێشمەرگەی دیلکراو لە حەویجە لەبەندکراون و پاشان، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیانەوە لەدەستدا نییە.

ناسر هەرکی پێی داگرت، هەم لەڕێی فراکسیۆنی پارتی دیموکرات و هەم کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، هەوڵی پێویست دەدرێ بۆ پێوشوێن گیرانی چارەنووس و ڕەوشی ئەو پێشمەرگانەو هەموو ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانیش بەئاگاداری بیروڕای گشتی ڕادەگەیێندرێ.

بەپێی ئاماری ڕاگەیێندراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ گرووپی داعش، هەزار و ٧٠٠ پێشمەرگە گیانیان لەدەست داوەو زیاتر لە دە هەزار کەسیش بریندار بوون و دەیان پێشمەرگەش بوونەتە دیلی دەست داعش کە ژمارێک لەوان لەلایەن داعشەوە سەریان پەڕێندراوەو پەنجا پێشمەرگەش بێ سەروشوێنن.

کەسوکار و خێزانی ئەو پێشمەرگانە بەجاران بە سازدانی گردبوونەوەی ناڕەزامەندانە، خوازیاری هەوڵی حکومەتی هەرێم بوون بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ئەو پێشمەرگە بێ سەروشوێنانەو پێشتریش میدیاکانی هەرێم ڕاپۆریان دا کە لەوانە ژمارێک پێشمەرگەی دیلکراوی دەست داعش لە زیندانەکانی حکومەتی عێراق لەبەغدا، بەندکراون.