کانونی دوھەم 18, 2017 11:05 Asia/Tehran
  • چەواشەکاریی ئەمریکا لەمەڕ بەڵێنییەکانی ئەو وڵاتە لەبارەی کۆهەنگاو (برجام)

وتەبێژی کۆشکی سپی وتی: حکومەتی باراک ئۆباما، هیچ دەستەبەریەکی نەداوە بۆ داهاتووی بەرجام لە حکومەتی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ .

جاش ئێرنێست وتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی سێ شەممە لە کاردانەوە بە پێش بینی حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بەجۆری ڕەفتار و هەڵس وکەوتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری هەڵبژاردەی ئەمریکا لەگەڵ بەرجامدا، وتی: حکومەتی ئۆباما لەبارەی جۆری ڕەفتار و هەڵس وکەوتی حکومەتی داهاتووی ئەمریکا، هیچ دەستەبەریەکی نەداوە بە هیچ بەرپرسێکی دەرەوەیی.

جاش ئێرنێست پێی داگرت: هەڵوێستەکانی ترەمپ تائێستا لەبارەی بەرجام، واپێشان ئەدات ناوبراو خۆشحاڵ نییەو لەڕوانگەی ترەمپەوە ئەو ڕێککەوتنە، ڕێککەوتنێکی شیاو نییە و ئەوانە زیاتر لایەنی دروشم و قسەیان پێوەدیارە.

وتەبێژی کۆشکی سپی وتی : پێم وانییە،  بەکردەوە ڕووداوێک بۆ بەرجام بێتەپێش، لەبەر ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە، ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی نییە کە ترەمپ بڵێ ، خۆشی لێی دێ یان خۆشی لێی نایە.

حەسەن رۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە لەپرێس کۆنفرانسێک لە تاران بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێک بەسەر بەرجامدا، باسکردنی دانوستانی دووبارە لەبارەی بەرجامی بە بێ مانا زانی و پێی داگرت: هیچ چەشنە دانوستانێک لەبارەی بەرجامەوە لەئارادا نییە، چونکە دانوستانە ئەنجامگرتووەکان، تۆکمەو لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان پشت ڕاست کراوەتەوەو بەشێوەی سەنەدێکی نێودەوڵەتیی لێهاتووە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە پەیمان شکێنی و تەگەرەنانەوەی ئەمریکا لەبەردەم پرۆسەی جێ بەجێ کرانی بەرجام وتی: گەل و حکومەتی ئێران لەبەرامبەر ئەو پەیمان شکێنیانە بەدەسەڵاتەوە ڕاوەستاوەو دەست هەڵناگرن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی.