ئاب 17, 2017 20:49 Asia/Tehran
  • دانوستانەکانی ئاشتیی سووریا لە ژنێڤ پەکی کەوت

ناردراوی تایبەتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا، دانوستان لەگەڵ تاقمە نەیارەکانی سووریای کە بڕیار وا بوو حەوتەی داهاتوو لە ژێنێڤ بەڕێوە بچێت پەک پێ خست.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی حەدس ستیفان دی میستورا ناردراوی تایبەتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا، ڕۆژی پێنج شەممە لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران لە ژنێڤ ڕایگەیاند: دانوستانەکان سەبارەت بە قەیرانی سووریا مانگی ئوت لە ئاستانەی پێتەختی کازاخستان بەڕێوە دەچێت.

ستیفان دی میستورا ناردراوی تایبەتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا،مانگی ئۆکتۆبەری بۆ سووریا بە دیاریکەر زانی و وتیشی: لەم مانگەدا کۆنفرانسی ڕێکخستنی تاقمە نەیارەکانی سووری بەڕێوە دەچێ و ئێستاکە هێندێک دانوستانی بەبڕشتانە لە نێوان شاندی باڵای دانوستانکاران، هاوپەیمانیی قاهیرەو هاوپەیمانیی مۆسکۆ لە ئارادایە.

ستیفان دی میستورا ناردراوی تایبەتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا، تیشکی خستە سەر گەڵاڵەی پێکهاتنی ناوچ بێ ئاڵۆزییەکان لە سووریا، بەڵام داوەری کردن لەم بارەوەی بە زوو زانی و وتیشی: ڕووسیا پۆلیسی سەربازیی خۆی بۆ چاودێری کردن بە سەر ناوچە بێ ئاڵۆزییەکان لە سووریا سەقامگیر دەکات.

لە پێنجەمین خولی دانوستانەکانی نێوماڵی سووری لە ئاستانەی پێتەختی کازاخستان کە پێنجەمی ژوییە بەڕێوە چوو، شاندە بەشدارەکان ڕەوتی پێشکەوتنەکانیان تاوتوێ کرد

هەتا ئێستا لە سەردەستی ڕووسیاو ئێران و تورکیا چەند خولی دانیشتنی تایبەت بە سووریا لە ئاستانەی پێتەختی کازاخستان بەڕێوە چووە کە ئەنجامەکەی دەستەبەر کرانی ئاگربڕی هەمەلایەنەو بەرپاکرانی یەکەم خولی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان شاندی نوێنەرایەتیی تاقمە نەیارەکان و دەوڵەتی سووریا بووە.

قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 بە هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆریستانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە  پشتیوانییان لێ دەکرێت، سەری هەڵدا. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە هەتاکوو ئێستا سەدان هەزار کەس کوژراون و یان بریندار بوونەو ملوێنان کەسیش ئاوارەو هەڵوەدا کراون.

 

.