ئه‌یلوول 21, 2017 16:35 Asia/Tehran
  • سوپای سووریا شەش ناوچەی ستراتژیک لە دەیرۆزووریان ڕزگار کرد

لەشکریانی سوپای سووریا لە ڕەوتی پێشڕەوییە بەربڵاوەکانیان لە تێکهەڵچوون لەگەڵ تەکفیرییەکان لە دەیرۆزوور توانییان شەش ناوچەی ستراتژیک ڕزگار بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی فرتاک نیوز، زنجیرە پێشڕەوییەکانی سوپای سووریا لە تێکهەڵچوون لەگەڵ تەکفیرییەکان لە شاری دەیرۆزوور هەروا بەردەوامەو لەشکریانی سوپای سووریا لە ڕەوتی ئەم پێشڕەوییانەدا توانییان شەش ناوچەی ستراتژی لەژێر ڕکێفی تەکفیرییەکان ڕزگار بکەن.

هێزەکانی سوپای سووریا دوای کوشتنی دەیان چەکداری تەکفیریی داعش، ئەو ناوچانەیان ڕزگار کرد.

لەشکریانی سوپای سووریا دوو جار لە لایەن ناوچەکانی ژێر ڕکێفی هاوپەیمانیی ناسراو بە هێزەکانی دیموکراتیکی سووریاو لەشکریانی ئەمریکا تەقەیان لێ کراوە.

بە قسەی ژنراڵێکی ڕووسی، هێزە تایبەتییەکانی ڕووسیا لەم ناوچانەدا هاوڕێ لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی سووریا خەریکی بەڕێوە بردنی هەڵمەتی  تەفروتونا کردنی داعشییەکانن.

بە گوێرەی هەواڵێکی دیکە، وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: هێزەکانی سوپای سووریا لە چۆمی فۆراتی سەربە پارێزگای دەیرۆزوور پەڕیونەتەوەو سوپای سووریا بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا بەرەو ڕۆخی ڕۆژهەڵاتی چۆمی فۆرات لە دەیرۆزوور ڕۆییشتوون.

ڕایان دیلۆن وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: یەکەکانی سوپای سووریا بە یارمەتیی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا بە مەبەستی دەست گرتنی یەکجاری بە سەر ئەم شارەدا لە چۆمی فۆرات لە دەیرۆزوور پەڕیونەتەوە.