تشرینی دووه‌م 19, 2017 13:22 Asia/Tehran
  • تورکیا هێزی سەربازی زیاتر لە باکووری سووریا سەقامگیر دەکات

ژمارێکی دیکەی هێزی سەربازی تورکیا لە دەڤەری باکووری ئەدلیب هەڵکەوتوو لە باکووری سووریا سەقامگیر بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا؛ بە گێڕانەوە لە کەناڵی هەواڵی ئەلجەزیرە؛ هێزێکی سەربازی زیاتر لە تورکیاوە کە بریتین لە ٩٠ سەربازی تەیار بە کەرەستەی جەنگی و ئۆتۆمبیلی سەربازی، لە گوندی سەرسنووریی لوسین لە باکووری ئەدلیب سەقامگیر کراون.

ئەم هێزانە گەیشتنە  ئەو ناوەندانەی چاوەدێری کە بڕیارە لە ئەدلیب و ڕۆژاوای حەلەب دابنرێن. ئەدلیب و ڕۆژاوای حەڵەب بەشێک لە ناوچە کەم کێشەکان دێنە ئەژمار. ڕێککەوتنی دیاری کردنی ناوچەی کەم کێشە لە کۆبوونەوەی ئاستانە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران، تورکیا، ڕووسیا، ئەمریکا و چەن وڵاتی دیکە ئەنجام درا.

هێزەکانی تورکیا ناوەندێکی چاوەدێریی سێهەمیان لە ناوچەی شێخ عەقیل لە دەڤەری ڕۆژاوای حەڵەب داناوە کە موشریفە بە سەر ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە ناوچەی عەفریندان.

"ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژانی سەرەتایی ئەم مانگە وتبووی کە وڵاتەکەی ئامادەیە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی لە ناوچەی جرابلۆس لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی حەڵەب و پارێزگەی ئەدلیب پەرە پێ بدات.

ئەردوغان وتبووی ئانکارا تیرۆریستان لە هەر جێگایەک بن دەخاتە بن پێ و شوێنگرییەوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی هەینیش خوازیاری پاکتاو کرانەوەی شاری عەفرین لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد ببوو.

تورکیا هێزە کوردییەکانی سووریا بە لقێک لە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) دەزانێ کە لە ڕوانگەی ئەم وڵاتەوە  گرووپێکی تیرۆریستییە.

تورکیا بە بێ ئیزنی دەوڵەتی دیمەشق یارمەتیی سوپای ئازادی سووریا دەدات بۆ ئەوەی باکووری ئەم وڵاتە لە بوونی تیرۆریستان بسڕێتەوە.