ئادار 19, 2018 10:39 Asia/Tehran
  • زیانی سوپای تورکیا لە باکووری سووریا ٤٦ کوژراوو ٢٢٥ بریندار

ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا ڕایگەیاند کە: لە ئۆپراسیۆنی ٥٨ ڕۆژەی ھێزەکانی ئەم وڵاتە لە عەفرینی سووریا ناسراو بە چڵەزەیتون ٤٦ لەشکریی تورکیا کوژران و ٢٢٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئیرنا بە گێڕانەوە لە بەیاننامەیەکی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا کە شەوی دوو شەممە بڵاو بووەوە، ھێزەکانی سوپای تورکیا دوای ٥٨ ڕۆژ بە یارمەتیی میلیشیاکانی ناسراو بە سوپای بەناو ئازادی سووریا ڕۆژی یەکشەممە چوونە نێو شاری عەفرینی باکووری سووریا. 

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ،گوایە لە ھێرشی داگیرکردنی شاری عەفرین لە لایەن سوپای تورکیاو تیرۆریستانی سوپای بەناو ئازادی سووریا، سێ ھەزارو ٦٠٣ کەس لە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەلی سووریاو پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریاو پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا کوژراون.

میدیاکانی تورکیا ھەتائێستا ھەواڵێکی ڕێک و پێکیان سەبارەت بە ژمارەی کوژراوانی خۆیان و تیرۆریستانی ھاوپەیمانیان ناسراو بە سوپای بەناو ئازادی سووریا بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام دامەزراوەی ناسراو بە ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا چەند ڕۆژ لەمەبەر ڕایگەیاند کە: ٤٠٩ کەس لە ئەندامانی سوپای بەناو ئازادی سووریا لە ھێرشەکەی سەر شاری عەفرین کوژراون.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ھەتاکو ئێستا ھیچ سەرچاوەیەکی فەرمی و نافەرمی ژمارەی کوژراوانی سڤیلی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرینیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ژێدەرەکان باسی ئاوارە بوونی پتر لە دووسەد ھەزار کەس لە دانیشتووانی عەفرینیان کردووە لە ڕەوتی ئەم شاڵاوانەدا.

 

سەرپەیڤ