سەرۆک پەرلەمانی سووریا: بوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە سووریا بنپێ کردنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمانە
سەرۆک پەرلەمانی سووریا وتی: بوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە سووریا ئیدانە دەکەین و ئەوە بە بنپێ کردنی ئاشکرای مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان دەزانین.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "حەموودە سەباغ" سەرۆک پەرلەمانی سووریا ئێوارەی پێنجشەممە لە دیداری شاندێکی تورکیاییدا لە دیمەشق، راشکاوانە رایگەیاند: بوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکانی باکووری سوریا، بنپێ کردنی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکان دێتە ئەژمار.
"حەموودە سەباغ" وتیشی: سەرۆک کۆماری تورکیا لە دەسپێکی قەیرانی سووریاوە، سیاسەتێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بەم وڵاتە گرتە بەر کە کوشت و بڕی گەلی ئەم وڵاتەیشی بە دواوە بوو.
سەرۆک پەرلەمانی سووریا وتی: ''ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆماری تورکیا سەرباری هاوکاری و پێوەندیی نێوان گەلانی دوو وڵات، سیاسەتێکی نالەباری بەرامبەر بە سووریا گرتۆتە بەر.
"حەموودە سەباغ" جەختی کرد: سووریا دەتوانێ بەرگری لە خاکی خۆی بکات و سوپا، گەل و ڕێبەری ئەم وڵاتە توانیان هەموو پیلانەکان پووچەڵ کەنەوە و لەمەبەدوایش بەرەنگاری هەموو پیلانگێرییە تووشەکان دەبنەوە.
"حەسەن چەنگیز" سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئوراسیای تورکیاش لە دیداری سەرۆک پەرلەمانی سووریا وتی: شەڕی ڕۆژاوا دژ بە سووریا بە مەبەستی جێبەجی کردنی گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی نوێ و پاڕچە پارچە کردنی وڵاتانی ناوچە وەڕێ خراوە.
سەرۆکی یەکێتیی ئوراسیای تورکیا وێڕای ئیدانە کردنی پەلامارە مووشەکییەکانی ئەمریکا، فەرانسا و بەریتانیا بۆ سەر خاکی سووریا وتیشی: ئەوە گەلی سووریایە کە داهاتووی وڵاتەکەی دیاری دەکات و هەموو وڵاتان دەبێ ڕێز دابنێن بۆ ئەو ویست و خواستە.