کانونی یه‌که‌م 21, 2018 11:35 Asia/Tehran
  • بەشار جەعفەری: کۆمەڵگەی جیهانی یارمەتیدەری دیمەشق بێ لە بنەبڕ کردنی تیرۆریزمدا

نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری یارمەتیی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ کۆتایی هێنان بە پەلامارە تیرۆریستییەکان لە نێو وڵاتەکەیدا بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەیی ئیرنا؛ بەشار جەعفەری ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە سەبارەت بە سووریا بەڕێوە چوو بە ئاماژە بەوەی کە دیمەشق پێشوازی دەکات لە هەر چەشنە دەسپێشخەرییەک بۆ یارمەتیدان بە دەرباز بوونی سووریا لە قەیران ، وتی: وڵاتەکەی ئامادەی بەشداریی چالاکانەیە لە هەرچەشنە هەوڵێکی نیازپاکانە بە ئامانجی دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی.

جەعفەری بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە نابێ خافڵ بین لە دەوری ژمارێک وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش لە قەیران نانەوە لە سووریا کە لەبەر قازانج و ئامانجەکانیان لە ناوچەکەدایە، وتیشی: کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ یارمەتیی سووریا بدات لە کۆتایی هێنان بە پەلامارە تیرۆریستییەکان و تیابردنی هەموو پاشماوەکانی تیرۆریستان.

نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان راشکاوانە ڕایگەیاند: سەرکەوتنی هەرچەشنە پرۆسەیەکی سیاسی لە سووریا پێویستی بە هاوکاری و یەکدەنگیی لەگەڵ دەوڵەتی ئەم وڵاتە و هەروەها پێبەند بوونی کۆمەڵگەی جیهانی بە پیویستیی بنەبڕ کرانی گرووپە تیرۆریستییەکان و  کۆتایی هاتن بە چالاکایی نایاسایی ژمارێک هێزی دەرەوەیی لە خاکی سووریایە.

قەیران لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بە پەلاماری بەربڵاوی گرووپە تیرۆریستییەکانی داکۆکی کراو لە لایەن عەرەبستان، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە پێناو گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە بە سوودی ڕژێمی زایۆنی دەست پێبوو. دوابەدوای ئەوە سووریا داوای لە ئێران  و ڕووسیا کرد کە لە خەباتی دژ بە  تیرۆریستان یارمەتیدەری دیمەشق بن.

 

سەرپەیڤ