نیسان 18, 2019 10:41 Asia/Tehran
  • ھاوپشتی ڕاگەیاندنی سوورییەکان بە بەرپاکردنی ئاھەنگی ڕۆژی نیشتیمانی

جەماوەری سووریا ھاوکات لەگەڵ ١٧ی ئاپریل بە بۆنەی ڕۆژی نیشتیمانیی ئەم وڵاتە لە سەر شوناسی عەرەبی و سووریی خۆیان و پشتگری کردن لە حکومەتی یاسایی سووریا لە بەرامبەر پیلانی بیانییەکان جەختیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی سووریا«سانا»، ھەزاران کەس لە خەڵکی بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا لە شارۆچکەی « مەجدەل شەمس» ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری دا بە بۆنەی ڕۆژی نیشتیمانیی سووریا، بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا لە بارەی جۆلانی داگیرکراویان شەرمەزار کرد.

خەڵکی جۆلانی داگیرکراو لەم کۆبوونەوە جەماوەرییەدا لە حاڵێکدا کە ئاڵای سووریایان بەرز کرد بووەوە، لە سەر پێبەند بوونیان بە بنەڕەتی نیشتیمانی و شوناسی عەرەبی و خۆڕاگرتنیان لە ھەمبەر داگیرکەرانی ڕژێمی زایونی ھەتا ڕزگار کردنی تۆکمەوتەواوی ناوچە داگیرکراوەکانی سووریا پێیان داگرت.

شارۆچکەی « عەینولتەنیە» لە پارێزگای قونەیتەرە لە باشووری سووریاش شایەتی بەرپا کرانی ئاپۆڕەی جەماوەری بوو بە مەبەستی ھاوپشتی ڕاگەیاندن لەگەڵ خەڵکی بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلان.

خەڵکی ئەم شارۆچکەیەش وێڕای ڕێزنان لە ڕۆژی نیشتیمانیی سووریا، جارێکی تر بڕیارەکەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکایان لەمەڕ بە فەرمی ناسینی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلانی سووریایان شەرمەزار کرد.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی مارسی ٢٠١٩ لە ھەنگاوێکی دژبە یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و وێڕای پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، بڕیارێکی واژۆ کرد کە بە گوێرەیەوە واشێنگتۆن سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلانی سووریا بە فەرمی دەناسێت. داناڵدترەمپ ئەم بڕیارەی لە واشێنگتۆن و لەبەردەم بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی دا  واژۆ کردووە.

ئەم بڕیارەی ترەمپ لەگەڵ کاردانەوەی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوە.ڕژێمی زایونی لە ساڵی ١٩٦٧ ، نزیکەی ھەزارو دووسەد کیلومەتری چوارگۆشە لە خاکی سووریای لە بەرزاییەکانی جۆلان داگیر کردو دوای ماوەیەک ئەم ناوچەیەی نووساند بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانەوە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی قەت ئەم داگیرکارییەی بە فەرمی نەناسیوە.

ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش ئەم ناوچەیەی بە داگیرکراو ناوەزەد کردووە. کەچی دەوڵەتی ئەمریکا پشتیوانی داگیرکارییەکانی ڕژێمی زایونییە.

جێگای ئاماژەیە ١٧ی ئاپریل ساڵگەڕی کشانەوەی ھێزە کۆڵۆنیالیستەکانی فەرانسا لە سووریا لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتەدا وەک ڕۆژی نیشتیمانی دیاری کراوە.

سەرپەیڤ