ته‌مووز 16, 2019 15:07 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵاهیان: ئێمە درێژە دەدەین بە داکۆکییەکانمان لە سووریا

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران کە سەردانی سووریای کردووە، وتی: ئێران درێژە دەدات بە داکۆکییەکانی لە سووریا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی سوریا (سانا)؛ "حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" شەوی سێشەممە لە دیداری "حەموودە سەباغ" سەرۆک پەرلەمانی سووریا لە دیمەشق بە ئاماژە بە دەوری پەرلەمانەکانی دوو وڵات لە خێراتر کردنەوەی ئاڵ و وێری بازرگانی و پێوەندیی ئابووری رایگەیاند: ئێران  ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ داکۆکی لە سووریا لە ئاستی سیاسی و ئابووریدا.

ئەمیر عەبدوڵاهیان بە دەربڕینی ڕیز و سپاس  بەرامبەر بە هەڵوێستی بوێرانەی سووریا لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ سووریا ئەمڕۆ پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و دۆسییەی تیرۆریستانی ئیدلیب بەم زوانە دادەخرێت.

سەرۆک پەرلەمانی سووریایش لەو دیدارەدا بە ڕێز و سپاس دەربڕین بەرامبەر بە هەڵوێستە نەگۆڕەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ داکۆکی لە گەلی سووریا پێی داگرت: ئێمە  لەگەڵ ئێران بە هاودڵییەوە بەرامبەر بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەمریکا ڕادەوەستین.

سەباغ بە ئاماژە بە هەواهەنگیی بەردەوامی نێوان پەرلەمانەکانی سووریا و ئێران بە مەبەستی یەکگرتوو بوونی هەڵوێستەکانیان لە کۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا لە هەمبەر پرسەکانی ناوچە و ئەو پیلانانەی دژ بە سووریا و ئێران دەگێڕدرێن، پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی بە قووڵ و پتەو هێنایە ئەژمار.

"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" ڕۆژی دووشەممەیش لەگەڵ "وەلید موعەلیم" وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق دیداری کرد و دوو لایەن لەو دیدارەدا سەبارەت بە دوایین ڕووداو و گۆرانکارییەکانی ناوچە و ڕێگاکانی چارەسەر کردنی کێشە هاوبەشەکانیان لەوان بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە دوو گەلی ئێران و  سووریا کە لە ئاراستەی هێنانەدیی ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیدان و چەشنێک تیرۆریزمی ئابووری دێتە ئەژمار، بیر و ڕایان گۆڕییەوە.

"وەلید موعەلیم" وەزیری دەرەوەی سووریایش لەو دیدارەدا بە ڕێز و سپاس دەربڕین بەرامبەر بە گەل و دەوڵەتی ئێران لەبەر داکۆکی لە سووریا لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم و پرسەکانی دیکە وتی: ئەو سەرکەوتنانەی لە سووریا بە دەست هات هەم بۆ سووریا و هەم بۆ هاوپەیمانەکانیەتی.

یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودوڵەتی پێش لەوەیش لەگەڵ "بەشار ئەسەد"ی سەرۆک کۆماری سووریا دیدار و وتووێژی کردبوو.