ئاب 02, 2019 15:44 Asia/Tehran
  • ڕاوێژی وەزیریاری باڵای زەریف لەگەڵ یاریدەری نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە کۆبوونەوەکانی ڕەوتی ئاستانە

وەزیریاری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری تایبەتیی سیاسی لە درێژەی وتووێژی شاندەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیانزەھەمین کۆبوونەوەی ڕەوتی ئاستانە، لەگەڵ یاریدەری نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سیاسی دیدارو وتووێژی کرد.

سیانزەھەمین کۆبوونەوەی ڕەوتی ئاستانە لە دوێنێ پێنج شەممەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە بەشداریی شاڕنە دانوستانکارەکانی ئێران و ڕووسیاو تورکیا «وڵاتانی گەرەنتی دەری ڕەوتی ئاستانە» و بە ئامادە بوونی نوێنەرانێک لە لایەن دەوڵەتی سووریاو نەیارانی ئەم وڵاتە لە شاری نوورسوڵتانی پێتەختی کازاخستان خەریکە بەڕێوە دەچێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی فەرمانگەی گشتیی دیپلۆماسیی میدیایی وەزارەتی کاروباری دەرەوە، «عەلی ئەسغەر خاجی» وەزیریاری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری تایبەتیی سیاسی لە دیداری «خۆلە مەتەر»یاریدەری نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی وێڕای وەبیرئانینی ئەو ھەوڵانەی کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو لە چوارچێوەی ڕەوتی ئاستانە لە ئاراستەی پێکھاتنی لێژنەی یاسای بنەڕەتیی سووریا وەگەڕخرابوون، لە سەر پێویستیی پاراستنی ئەم ڕەوتە ھەتا گەییشتن بە ئەنجامی پێویست پێی داگرت.

خاجی وێڕای جەخت کردن لە سەر ھەوڵە ئەنجام دراوەکان لە چوارچێوەی کارگروپی گۆڕینەوەی دیل و ڕفێنراوەەکان و سەرکەوتنی چوارەمین قۆناغی ئەو گۆڕینەوەیەی کە لە ٣١ی ژوئیە لە سووریادا ئەنجامی گرت، لە سەر پێویستیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیان پێی داگرت.

وەزیریاری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری تایبەتیی سیاسی  ڕۆژی ڕابردووش لەگەڵ «بەشار جەعفەری» نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری سووریا لە ڕەوتی ئاستانە، «ئلێکساندەر لاورنتیف» نوێنەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری سووریاو «سێرگێئی ڤێرشنین» یاریدەری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیاو سەرۆکانی شاندە لوبنانی و عێراقییەکان وەکو ئەندامانی تازەی چاودێری دانوستانەکانی ڕەوتی ئاستانە بە شێوەی جیاجیا دیدارو وتووێژی کرد.

لە خولی تازەی کۆبوونەوەی ئاستانە، دوایین ئاڵ و گۆڕەکانی سووریا بە تایبەت ڕەوشتی ئیدلەب، ھەنگاوەکانی دواتر بۆ پتەوکردنەوەی متمانەی نێوان لایەنە تێکھەڵچووەکان و بەرەوپێش چوونی ڕەوتی سیاسیی سووریا لەوانە کاروباری ھاوپەیوەند بە پێکھاتن و دەست پێ بوونی کاری لێژنەی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتە تاوتوێ دەکرێت.

دانوستانەکانی ئاستانە لە ژانویەی ٢٠١٧ لە سەر دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە ھاوکاریی ڕووسیاو تورکیاو بە مەبەستی دامەزراندنی ئاشتی لە سووریا دەستی پێ کراوە.

 

سەرپەیڤ