کانونی یه‌که‌م 05, 2019 08:25 Asia/Tehran
  • فەیسەل مێقداد: سوریا چەکی شیمیایی نییە

جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا، تۆمەت پاڵدانەکانی رۆژاوا لەمەڕ کەڵک وەرگرتنی سوپای سوریا لە چەکی شیمیایی بە"ناڕاست" زانی و وتی: سێناریۆی ساختەی کەڵک وەرگرتنی دەمشق لە چەکی شیمیایی بەشێکە لە پیلانی ڕۆژاوا لەدژ سوریا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی تەسنیم؛ فەیسەڵ مێقداد رۆژی چوارشەممە لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی ئەلمەیادینی لوبنان بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە سوریا چەکی شیمیایی نییە، وتی: ڕۆژاوایەکان، تورکیاو وڵاتانی عەرەبی لەوان عەرەبستان، گرووپە ترۆریستییەکان لە سوریایان بەچەکی شیمیایی تەیار کردووە.

جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا بەئاماژە بەوەی کە دەمشق بەڵگەو سەنەدی تەیارکرانی ترۆریستان بە ماددە شیمیاییەکان لەلایەن رۆژاوا، تورکیاو وڵاتانی عەرەبیی، لەدەستدایە، وتی: ترۆریستان لە چەکی شیمیایی لەدژ سوپا و گەلی سوریا کەڵک وەردەگرن.

هەواڵی ساختەو درۆیینی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لەلایەن دەمشقەوە، هەردەم بیانوویەک بووە بۆ دەستتێوەردان و پەلاماری سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانانی بۆسەر خاکی سوریاو بۆردومانی ژێرخانە سەربازی وئابوریەکانی ئەو وڵاتە.

ئەمریکا، فەڕانسە و بەریتانیا ١٤ی ئاڤریلی٢٠١٨ واتە ڕاست حەوتەیەک پاش تۆمەت پاڵدانی هێرشی شیمیایی سەر ناوچەی دوما لە غوتەی ڕۆژهەڵاتی(٧ی ئاڤریل) زیاتر لەسەت مووشەکیان گرتە ناوچە جیاجیاکانی سوریا.

ئەو پەلامارە هاوکات بوو لەگەڵ ڕزگارکرانی بەتەواوەتی غوتەی ڕۆژهەڵاتی لەچنگ ترۆریستان.

بەرلەوەش لە حەوتی ئاڤریلی٢٠١٧ ئەمریکا بەبیانوی هێرشی شیمیایی سەر خان شەیخون لەباشوری ئیدلەب لەباکوری سوریا، پێگەی ئاسمانیی "شەعیرات" لەپارێزگای حومسی سوریای مووشەکباران کردبوو.

ئەمریکاو هاوپەیمانانی نیگەرانی شکست هێنانی ترۆریستان لەسوریان.

قەیران لە سوریا لە ساڵی٢٠١١وە بەهێرشی بەرفراوانی گرووپە ترۆریستییەکانی جێی داکۆکیی عەرەبستان، ئەمریکاو هاوپەیمانانیان بۆ گۆڕینی هاوکێشە ناوچەییەکان بەقازانجی رژیمی زایۆنی دەس پێ بوو.

سوپای سوریا بەیارمەتی ڕاوێژکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داکۆکیی ڕووسیا توانی دۆسییەی گرووپی ترۆریستیی داعش لەو وڵاتە ببەستێ و کۆتایی پێ بێنێ.

گرووپە ڕەشەکوژەکانی دیکەش ڕوو لە شکست هێنانن.