تشرینی یه‌که‌م 18, 2017 13:20 Asia/Tehran
  • سەرلەشکر باقری: ئێران لەشەڕی دژ بەتیرۆریزم لەتەنیشت گەل وحکومەتی سووریایە

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپاو هێزە چەکدارەکانی سووریا لە دەمشق دیدار و لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان وگۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچە وتووێژی کرد.

سەرلەشکر محەممەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە پاش دیدار لەگەڵ ژەنەراڵ عەلی ئەییوب سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپاو هێزە چەکدارەکانی سووریا لە دەمشق لەپرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا، وتی: حکومەت و گەلی ئێران سەرباری ئەو گەمارۆیانەی لەگەڵیاندا بەرەوڕوویە، لەشەڕی دژ بە تیرۆریزم لەتەنیشت گەل وحکومەتی سووریا ڕاوەستا.

سەرلەشکر باقری ، ئامانجی سەفەرەکەی بۆ دەمشقی ڕاگەیاندنی داکۆکیی ئێران لە حکومەت وگەلی سووریا لەمەڕ پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ڕاگەیاندو وتی: ئەوەی کەرژیمی زایۆنیستی هەرکات بخوازێ لەڕێی ئاسمان و زەوی هێرش بکاتەسەر خاک و ئاسمانی سووریا، قەبووڵکراو نییەو کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێز گرتن لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچە، بە بنەمایەک دەزانێ.

ناوبراو هەروەها وتی: سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچە، دەخوازێ هەرگرووپ و کەمینەیەک کە داواکارییەکیان هەبێت دەبێ لەڕێی یاسایی و وتووێژ لەگەڵ حکومەتەکانیان، داواکارییەکانیان جێ بەجێ بکەن.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، هیوای خواست؛ چی تر شایەتی هەڵەیەکی وەک هەڵەی مەسعوود بارزانی لەهەرێمی کوردستانی ئێراقدا نەبین و ئێستا لەسەر بڕیاری پەرلەمان و هەوڵی گونجاو و لەکاتی پێویستی هێزە چەکدارەکانی ئێراق، ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی حکومەتی ئێراقدایە.

ژەنەراڵ عەلی ئەییوب سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپاو هێزە چەکدارەکانی سووریاش لەو پرێس کۆنفرانسەدا، پەیوەندیی نێوان دەمشق و تارانی بە ستراتژیک زانی و وتی: ڕوانگەی سووریاو ئێران لەگشت بوارەکاندا بەتایبەت لەمەڕ بەرەنگاربوونەوەی ڕەشەکوژیی هاوتەریبەو دوو وڵات کۆک و هاودەنگن لەسەر پرسی بەرەوڕووبوونەوەی گرووپە ڕەشەکوژەکان هەتا پاکتاوکرانی سەرانسەری خاکی سووریا.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای سووریا هەروەها وتی: چوونی سەربازانی تورک بۆ خاکی سووریا لەدژ هەموو یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکانەو دەمشق بۆی هەیە بەهەرشێوازێک بەرەوڕووی هێزەکانی تورک بێتەوە لەخاکی وڵاتەکەیدا.

سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی سێ شەممە لەسەرووی شاندێکی سەربازی گەیشتە دەمشقی پایتەختی سووریا. سەرلەشکر باقری هەروەها بڕیارە لەگەڵ سەرۆک کۆماری سووریا دیدار و وتووێژ بکات.

سەرپەیڤ