ته‌مووز 05, 2018 11:44 Asia/Tehran
  • زەریف: خواستی لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێ بچێە قۆناغی کردەوە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: بەڵێنمەندیی لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دەبێ پێ بنێتە قۆناغی پراکتیکاڵەوە و بە کردەوە جێبەجێ بکرێ.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی پێنجشەممە لە تویتەری خۆیدا لە سەروبەندی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک  لە ڤییەنا، نووسی: پێبەندی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بە ئاشکرا دەرکەوتووە و پێویستە کە ئەو ویست و خواستە بە کردەوەیش جێبەجێ بکرێ.

پاش بڕیاری "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ چوونەدەری ئەم وڵاتە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەرتیتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان)  و داخوازی وڵاتانی ئەورووپایی بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە، ئێران دەرفەتێکی سنوورداری دا بە ئەورووپاییەکان بۆ ئەوەی بە کردەوە گەرەنتیی ئەوەی بکەن قازانج و بەرژەونەدییەکانی ئێران لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە لە کاتی گەڕانەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا، دابین بکرێ.

ئەو دەرفەتە ئەوا خەریکە دوایین ڕۆژەکانی تێپەڕ دەکات و بڕیارە سبەی هەینی لە چوارچێوی پاراستنی ڕێکەوتننامەی ئەتۆمیی ئەورووپاییدا، هەگبەی پێشنیاری ئەورووپا هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ئاستی وەزیری دەرەوە و لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەنا ئاراستە بکرێ.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئێوارەی چوارشەممە لە دیداری "یوکیا ئامانۆ"ی بەڕێوەبەری گستیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەنا ، بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە بێتوو مافەکانی گەلی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دابین نەکرێ، هیچ هۆیەک لە ئارادا نییە بۆ مانەوەی ئێران لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەدا وتی: چالاکیی ئەتۆمیی ئێران تا بووە هەر ئاشتیانە بووە، بەڵام ئەوە تارانە کە سەبارەت بە ئاستی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیار دەدات و بەرپرسایەتیی گۆڕدرانی بارودۆخ و ئاستی  هاوکاریی ئێران و ئاژانس لە ئەستۆی ئەو کەسانەی دەبێ ؛ کە بارودۆخی نوێیان خوڵقاندووە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی پێنجشەممە کۆتایی هێنا بە دیداری فەرمیی خۆی لە ئوتریش و ڤییەنای بەرەو تاران بەجێ هێشت.

سەرپەیڤ