تشرینی یه‌که‌م 18, 2018 12:06 Asia/Tehran
  • 

کەمالوەندی: ئێران چاوەڕوانی ھەوڵی کرداریی لایەنی ئەورووپییە لە ئاراستەی پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دا

جێگری سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی، مافەوانی و مەجلیس ڕایگەیاند: ئەگەر بێتوو ئێران لە مەڕ ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام قازانج نەکات، ئیدی بەردەوام کردنی ھێندێک لە بەڵێنەکان بێ مانایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی میھر،جێگری سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی، مافەوانی و مەجلیس ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری «ئانتیە لیندێرتێسە» بەڕێوەبەری سیاسیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیا لە تاران وتیشی: بە سەرنجدانی بەرتەسکیی ماوەو توند بوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان، ئێران چاوەڕوانی ھەوڵی کرداری و دەستبەجێی لایەنی ئەورووپییە لە بارەی دۆزینەوەی ڕێگاگەلێک بۆ بەربەرەکانێی دژی بایکۆتە یەک لایەنەکانی ئەمریکا.

«ئانتیە لیندێرتێسە» بەڕێوەبەری سیاسیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیاش وێڕای ڕێزگرتن لە پێبەندیی ئێران بە بەڤێنەکانی لە مەڕ پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام وتی: بە سەرنجدانی دەگمەن بوونی وەھا بابەتگەلێک لە مێژووی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، لایەنی ئەورووپی بەدوای داھێنانی شێوازگەلێکە بۆ بەرپەرچ دانەوەی بایکۆتە دەرەوەسنوورییەکانی ئەمریکاو بەم زووانەش دەرەنجامەکانی ڕادەگەیەندرێت.

لیندێرتێسە کە پێشتر ئەندامی تاقمی دانوستانکاری ئاڵمانیا بووە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دا، وێڕای پێشوازی کردن لە بەردەوامیی ھاوکارییەکانی ئێران و ئەورووپا لە ئاراستەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام وتی: ڕاوبۆچوونی لایەنی ئێرانی لە گەڕانەوەی بۆ ئاڵمانیا دەگوازێتەوە بۆ کاربەدەستانی وڵاتەکەی.

بەڕێوەبەری سیاسیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئاڵمانیا کە بە سەرۆکایەتیی شاندێک بە مەبەستی دیدارو وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران لە تاراندایە، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەیید عەبباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێرانیش جیا لە وتووێژو بیروڕاگۆڕینەوە لە بارەی پرسە دوو قۆڵی و نێونەتەوەییەکان، ھەوڵە ئەنجام گرتووەکان لە ئاراستەی بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی بایکۆتە نایاساییەکانی ئەمریکا دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجامیشیان تاوتوێ کرد.

 داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مای وێڕای  دووپات کردنەوەی بوختانگەلی بێ بنەمای دژی ئێران، کشانەوەی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی و ڕاگەیاندنی گەڕاندنەوەی بایکۆتە ناڤۆکییەکان لە ماوەی سێ ھەتا شەش مانگی ڕاگەیاند.

ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەوە و ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانساو ئەڵمانیاو یەکێتیی ئەورووپا وەک لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە ڕاشکاوی جەختیان کرد کە لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە لاگری و پشتیوانی دەکەن.

دوابەدوای ئەو ھەنگاوەکەی داناڵدترەمپ  لە مەڕ کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ھەروەھا داخوازیی وڵاتانی ئەورووپی لە ئێران بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە، کۆماری ئیسلامیش دەرفەتێکی بەرتەسکی بۆ ئەورووپییەکان دانا ھەتا گەرەنتییەکی بە کردەوە بدەن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی دا تەنانەت بە گەڕانەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکاش دابین بکرێت.

سەرپەیڤ