کانونی یه‌که‌م 31, 2018 16:46 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئوروپا هیچ ئیرادەیەکی لەهەمبەر زەخت وگوشارەکانی ئەمریکادا نییە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئوروپا بەکردەوە پێشانی دا لەهەمبەر زەخت وگوشاری ئەمریکا هیچ ئیرادەیەکی لەخۆی نییە.

"بەهرام قاسمی " وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێک لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لەبارەی ئەوەی کە هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ نەنراوە لەمەڕ پێکهێنانی میکانیزمی دراڤیی ناسراو بە "ئێس پی ڤی" بە تێپەڕینی دوو مانگ لە مۆڵەتی دیاریکراو بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاش چوونەدەری ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە، وتی: خاڵ و بابەتی وەک ئاڵۆزیی میکانیزم و زەخت و گوشاری لەڕادەبەدەری ئەمریکا لەسەر وڵاتانی ئوروپایی، بووە هۆی درێژبوونەوەی ڕەوتی دانوستانەکان.

قاسمی وتی: خاڵی جێی سەرنج ئیرادەی سیاسی ئوروپا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بوو، بەڵام بەکردەوە پێشانیان دا لەهەمبەر زەخت وگوشاری ئەمریکا ناتوانن هەنگاوهەڵبگرن و نەیانتوانی لەکاتی دیاریکراودا بەڵێنیەکانیان جێ بەجێ بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی داگرت: ئاڵۆزیی پێکهاتنی میکانیزمی دراڤی، لاوازیی ئوروپاو گوشاری ئەمریکا هەروەها زاڵبوونی دۆلار، بووەتە هۆی دواکەوتنی ڕەوتی جێ بەجێ کرانی ئەو پرسە.

قاسمی لەدرێژەی ئاخاوتنەکەی باسی دیدار و وتووێژی نێوان شاندێکی تالیبان لەگەڵ جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێران لەتارانی کردو وتی: پاش سەردانی حەوتەی ڕابردووی "عەلی شەمخانی"، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ کابول و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەفغانستان، شاندێکی تالیبان رۆژی ڕابردوو لەتاران دانوستانی کرد لەگەڵ شاندێکی ئێرانی بەسەرۆکایەتی "سەید عەبباس عێراقچی "جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە زیاتر لەسەتا پەنجای خاکی ئەفغانستان لەدەست تالیبان دایەو بەسەرنجدان بە بوونی ئاڵۆزیی، ناجێگیری و گرفتە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، وتی: تالیبان هۆگری دانوستان لەگەڵ ئێران بوو و دانوستانەکان بەئاگاداریی حکومەتی ئەفغانستان ئەنجامی گرت.

قاسمی وتی : ئامانجی سەرەکی لەدانوستانەکانی ئێران لەگەڵ تالیبان، دۆزینەوەی ڕێکار و بواری ئاسانکەرەوە بۆ یارمەتیدان بە ڕەوتی وتووێژی نێوان گرووپ و لایەنە ئەفغانستانییەکان و حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ بردنەپێشی ڕەوتی ئاشتەوایی لە ئەفغانستانە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامدانەوە بە پرسیاری پەیامنێری بەشی دەرەوە سنووریی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران لەبارەی درێژەی هاوکارییەکانی ئێران، ڕووسیاو تورکیا سەبارەت بە ڕەوتی دانوستانەکانی ئاستانەو فەرمانی داهاتووی دانوستانی سەرانی وڵاتانی گەرەنتیکەری ئەو وتووێژانە بۆ چارەسەریی قەیرانی سوریا، بەئاماژە بەوەی کە بۆ چارەسەریی قەیران، هەنگاوی گرینگ نراوە، وتی: بڕیارە ڕەوتی دانوستانەکان هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەوان لێژنەی یاسای بنەڕەتیی سوریا، درێژەی بێت.

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران لەبارەی چوونەدەری هێزە ڕاوێژکارییەکانی ئێران لە عێراقیش وتی: ئامادەبوونی ڕاوێژکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لەسەر داواو ویستی حکومەتی ئەو وڵاتەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە ترۆریستییەکان بوو کە پاش ڕزگارکرانی ناوچە داگیرکراوەکان لەدەست ترۆریستانی داعش و چوونەدەریان لە عێراق، فەرمانبەرێتی و ئەرکی هێزە ڕاوێژکارییەکانی ئێران لە عێراق کۆتایی پێهات.

 

سەرپەیڤ