ئه‌یلوول 19, 2020 12:42 Asia/Tehran
  • فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران : بێگومان سەبەبکارانی شەهیدکردنی سەردار سولەیمانی دەکوژین

فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران ڕوو لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی: بەڵێنی ئێمە بۆ تۆڵەسەندنەوە جیدیە و گومانی تێدا نییە.

 

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرلەشکەر حسێن سەلامی ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی هاوبەشی ئەرکانی فەرماندەیی گشتی سپای پاسداران جەختی کردەوە: ئاغای ترامپ، گومان مەکە کە ئێمە تۆڵە دەستێنینەوە.

 گوتیشی: ئێمە شەرەفمان هەیە و جوامێرانە و دادپەروەرانە تۆڵە دەستێنینەوە هەر بۆیە لە عین الاسد دا سەربازانی ئێوەمان نەکردە ئامانج. ئێمە ئەوانە دەپێکین کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕۆڵیان بووە لە شەهادەتی سەردار حاجی قاسم سولەیمانی.

 ئەوەشی وت کە ئێوە وا بیر دەکەنەوە کە ئێمە لە بەرانبەر خوێنی برای شەهیدمان ژنە باڵوێزێک لە ئەفریقای باشوور دەکەینە ئامانج؟

جەختیشی کردەوە کە ئەمریکاییەکان دەبێ بزانن  لە پرسی تیرۆری ناجوامێرانەی سەردار سولەیمانیدا هەر کەس دەستی بووبێت، ئێمە دەیپێکین و ئەمە پەیامێکی جدیە.

سەردار سەلامی رایگەیاند: ئێوە لە حاڵێکدا کە خۆتان گیرۆدەی هەزاران کێشەی ناخۆیین هەڕەشەی هێرشی هەزار ئەوەندەیی لە ئێمە دەکەن. بەڵام ئێمە کاتێک کە لە عین الاسدمان دا ئامادە بووین کە ئەگەر ئێوە وڵامتان دایەوە ، دەسبەجێ بەو سەدان مووشەکەی کە ئامادەمان کردبوو، هەموو ئەو ئامانجە دیاری کراوانە کاول بکەین.

 ڕاشیگەیاند کە هەر ئێستاش ئەگەر بچووکترین زیان بە ئێرانیەک بگەیێنن ئێمە ڕیشەتان دەردێنین.

ئەوەشی وت کە ئەم هەڕەشانە جدیە و ئێمە شەڕە قسە ناکەین و هەموو شتێک لە مەیدانی کردەوەدا دەردەخەین.

سەرپەیڤ