May 20, 2017 13:02 Asia/Tehran
  • بڕیاری گرتنی بەرپرسانی رۆژنامەی سوزجو لە تورکیا

حکومەتی تورکیا لەدرێژەی سیاسەتی سەرکوت کردنی نەیاران، بڕیاری گرتنی بەرپرسان و کاربەدەستانی رۆژنامەی سوزجوی دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ئانادۆلۆ، بەرپرسانی حکومەتی تورکیا دوێنێ هەینی بۆ خاوەن و کاربەدەستانی دیکەی ڕۆژنامەی نەیاری سوزجو بڕیاری گرتنیان دەرکرد.

بوراک ئاکبای و سێ کەسی دیکە کە بۆ سوزجو کار دەکەن، بۆ وێنە کەسێک کە بەرپرسی ماڵپەڕی ئەو ڕۆژنامەیە، بەناوی مەدیحە ئولگۆڤەن، تاوانبارکران بە لەپەیوەندیدابوون لەگەڵ گرووپی گولەن.

گولەن لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی تورکیا بەجاران تاوانبار کراوە بە دەستتێدابوونی لە کودەتا بێ ئەنجامەکەی ژولای٢٠١٦ بەڵام گولەن، ڕەتی کردۆتەوە.

بەرلەوەش دەیان کەس لە بەرپرسان و فەرمانبەرانی رۆژنامەی جمهوریەتی تورکیا لە میدیاکانی زۆر ڕەخنەگری ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لە چوارچێوەی یاساوڕێساکانی باری نائاسایی کە پاش کودەتا بێ ئەنجامەکەی ساڵی ڕابردوو لەتورکیا ڕەچاو کراوە، لەلایەن دەزگەی دادەوانییەوە پێوشوێن گیراون.

پاش کودەتا بێ ئەنجامەکەی ساڵی ڕابردوو، کاربەدەستانی تورکیا نەیاران و ڕەخنەگرانی حکومەتیان خستەژێر گوشاری زیاتر و دەستیان کرد بە گرتن و قۆڵبەست کردنی بەرفراوان و بەکۆمەڵی بەرەکانی سوپا، پۆلیس، دەزگەی دادەوانی و کۆمەڵگای هونەرمەندان و نووسەران.

حکومەتی ئانکارا پاش شکست هێنانی کودەتاکە، زیاتر لە١٤٠هەزار کەسی لەنێو دەزگە حکومەتییەکان پاکتاو کرد. جگە لەوەش، بەسەدان کۆمپانیا لەلایەن دەزگە حکومەتییەکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوەو چالاکی١٥ی زانکۆی وەقف کراو و هەزاران دامەزراوەی فێرکاریش پێشیان پێ گیراوە.