شوبات 21, 2018 21:08 Asia/Tehran
  • ئامادەیی ڕاگەیاندنی تورکیا بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵتی سووریا بە مەبەستی پێشگرتن بە تێکھەڵچوونی سەربازی

وتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا لە سەر ئامادە بوونی وڵاتەکەی بۆ ئەنجام دانی وتووێژ لە گەڵ دەوڵەتی سووریا بە مەبەستی پێشگرتن بە تێکھەڵچوونی سەربازیی نێوان دوو وڵات پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی یانەی پەیامنێرانی جەوان بەگێڕانەوە لە بلۆمبێرگ، دوابەدوای داخوازیی ڕووسیا لە سووریاو تورکیا لە مەڕ خۆبواردن لە پێکدادانی شیمانەیی سەربازی، تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجام دانی وتووێژ لەگەڵ دیمەشق ڕاگەیاند.

ئیبراھیم کالین وتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامێکی تەلەفزیۆنی دا پێی داگرت: کاربەدەستانی ئاسایشتیی تورکیا لەوانەیە لەکاتی پێویست و لە ھەل و مەرجێکی نائاسایی دا بە مەبەستی چارەسەر کردنی بڕێک لە گرفتەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سووریا پەیوەندی دابمەزرێنن.

کالین وتیشی: بەم حاڵەشەوە ئەمە بەو واتایە نییە کە لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا پەیوەندییەکی فەرمیی  دادەمەزرێنن.

وتەکانی ناوبراو لە حاڵێکدا دێنە ئاراوە کە ڕۆژی ڕابردوو ھێزەکانی سەربە دەوڵەتی دیمەشق چوونەتە نێو عەفرینەوە. عەفرین کە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریادا ھەڵکەوتووە لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییەدا کەوتووەتە بەر شاڵاوی ھێزەکانی تورکیا.

ئەم ھێزانە بەمەبەستی بەرەڤانی کردن لە جەماوەری سووریا لە بەرامبەر ھەنگاوەکانی دەست درێژکارانەی تورکیا لەم وڵاتە حەڵەبیان بەجێ ھێڵاوەو ڕەوانەی ئەم ناوچەیە کراون.