ئادار 16, 2018 08:25 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: تورکیا هەتا کۆتایی ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتوون لە عەفرینی سووریا دەمێنێتەوە

"رەجەب تەیب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا لەکاردانەوە بە پەسەندکراوی پەرلەمانی ئوروپا لەمەڕ پێویستیی چوونەدەری تورکیا لە عەفرین وتی: ئانکارا هەتا کۆتایی ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتوون و بەدەست خستنی ئەنجامە یەکجاریەکانی لە عەفرین دەمێنێتەوە.

بەپێی گەڵاڵەیەک کە رۆژی پێنج شەممە لە کۆگەی پەرلەمانی ئوروپا پەسەند کرا، داوا لە تورکیا کراوە ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون خێرا ڕابگرێ. لەو پەسەندکراوەدا لەسەر ئەوە پێداگیراوە کە ئەو ئۆپراسیۆنە، جێی مەترسییە بۆ کەسانی سیڤیل.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، رەجەب تەییب ئەردۆغان دوێنێ پێنج شەممە لە قسەگەلێکدا وتی کە هەوڵدانی پەرلەمانی یەکێتی ئوروپا بۆ ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا لە عەفرین بێ سوودەو پەرلەمانی ئوروپا لەبارەی ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون هیچ قسەیەکی بۆ کوتن نییەو ئەگەریش هەیبێ، گرینگی پێ نادەین.

پێداگریی ئەردۆغان لەسەر درێژەی هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر عەفرین لەکاتێکدایە کە هۆدا کایا نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا رۆژی چوارشەممە وێڕای شەرمەزار کردنی پەلاماری سەربازیی ئەو وڵاتە بۆسەر شاری عەفرین لەباکووری سووریا، وتی: ئەنجامدەرانی ئەو دەسدرێژکارییە، تیرۆریست، مرۆڤکوژ و تاوانکارن.

ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا لە٢٠ی ژانڤییەی٢٠١٨ـەوە لەناوچەی عەفرینی سووریا دەس پێ بووە. وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ئەو کردەی تورکیای وەک پێشێلکردنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا ڕاگەیاندووە.

سەرپەیڤ