نیسان 08, 2018 12:52 Asia/Tehran
  • بەڕێ کرانی کەرەستەی جەنگیی نوێی تورکیا بۆ سووریا

سوپای تورکیا ڕۆژی شەممە بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی کە لە سووریادا سەقامگیرن، چەک و کەرەستەی جەنگیی نوێی بەڕێ کرد بۆ ناچەکانی باکووری پارێزگای "حەماه" هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای سووریا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ ئەم کاراوانە ١٠٠ ئۆتۆمبیلی قورس و ٥٠ لۆریی گەورەی هەڵگری شت و مەک و کەرەستەی پێویستی هێزە سەربازییەکانی تورکیا بوو.

ئەم کاروانە سەربازییە لە دەڤەری شاری "مورەک" Murak ی پارێزگای "حەماه" سەقامگیر بووە.

تیرۆریستانی گرووپی "ئەحراروشام" و "فەیلەقوشام" ، ئەرکی هاوڕێیەتی  و پشتیوانی کردنی کاراونی هەڵگری کەرەستەی سەربازیی تورکیایان لە ئەستۆدا بوو.

سوپای تورکیا و تیرۆریستانی داکۆکی کراو لە لایەن تورکیاوە (سوپای ئازادی سووریا) ١٨ی مارس شاری عەفرینیان لە باکووری سووریا داگیرکرد.

سوپای تورکیا  ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تازەی خۆی لە سورویا بە مەبەستی بانگەشە کراوی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەک) ، پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەلی سووریا (یەپەگە) لە ٢٠ی ژانڤییەی ٢٠١٨ـەوە دەست پێ کردووە.
کاربەدەستانی تورکیا بڕوایان وایە گرووپە کوردییەکان لەوان پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا (پەیەدە) بە داکۆکی ژمارێک وڵاتی بیانی لەوان ئەمریکا و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) هەوڵ دەدەن بۆ پێکهێنانی وڵات و یان ناوچەیەکی سەربەخۆی کوردنشین لە باکووری سووریا و باشووری سنوورەکانی تورکیا. ئانکارایش بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانە دەسدرێژی کردۆتە سەر خاکی سووریا.

تورکیا پێشتریش ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "قەڵغانی فورات" لە باکووری سووریا بەڕێوە بردبوو.

دیمەشق بەردەوام ئۆپەراسیۆنی تورکیا و هاتنی هێزی سەربازیی ئەم وڵاتە بۆ نێو خاکی سووریای داوەتە بەر ڕەخنە و گازندەوە.

کۆڕە نیودەوڵەتییەکان و هەروەها ژمارێکی زۆر لە دەوڵەتانی بێ لایەنیش بەردەوام هاتنی هێزی سەربازیی تورکیا بۆ خاکی سووریایان ئیدانە کردووە و خوازیاری کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی  وپای تورکیا لە سووریا بوون.

سەرپەیڤ