May 25, 2018 13:20 Asia/Tehran
  • یۆنان مافی پەناخوازیی دا بە هەشت سەربازی هەڵاتووی تورکیا

ئەنجومەنی باڵای دادی یونان مافی پەناخوازیی دا بە هەشت سەربازی تورکیا کە دوای کودەتا بێ ئەنجامەکەی پازدەی جولای 2016 هەڵاتبوون بۆ یونان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی  پێنج شەممەی ئیرنا،  کوتایی ساڵی ڕابردووی زایینی ئیدارەی کۆچبەریی یونان  مافی  پەنابەرێتی بە یەکێک لە هەشت سەربازی هەڵاتووی تورکیا  دا  کە دوابەدوای  ئەوە کاربەدەستانی  ئاتن  بەرامبەر  بەم بڕیارەی ئیدارەی کۆچبەری ناڕەزایەتیان دەربڕی  و بۆ لێکدانەوەی زۆرتر دۆسیەکەیان ڕادەستی ئەنجومەنی باڵای داد کرد  . 

بەپێی  نوسینی ئەم میدیایە، ئەنجومەنی باڵای داد  وێڕای لێکدانەوەی  بەڵگە و سەنەدەکان  و تۆمار کردنی  لێکۆڵینەوەی پێویست ،  وێڕای ڕەتکردنی  ناڕەزایەتی دەوڵەتی یونان  دانی مافی پەنابەرێتی  بەو سەربازە تورکە ی لەلایەن  ئیدارەی کۆچبەری پشت ڕاست کرد و ڕاشیگەیاند کە ئەم حوکمە سەبارەت بە سەربازانی دیکەی تورکیاش  شیاوە و هەرلەبەرئەمەش مافی پەنابەرێتی دەدرێتە هەموو هێزی تورکیا کە هەڵاتوون بۆ یۆنان  .

دوابەدوای  دەرکرانی ئەم حوکمە  چوار هێزی تورکیاش  دوای  هەژدە مانگ لە بەند کران لەم وڵاتە ئازاد بوون و گوێزارنەوە بۆ شوێنێک لە دەرەوەی شاری ئاتن  . 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاردانەوە بەرامبەر ئەم کارەی یونان، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند  : ئەنجومەنی  باڵای  دادەڤانی یونان  بە پشت ڕاست کردنی حوکمی  پەنابەرێتی سلێمان  ئوزکایناکچی  لە ڕاستی دا یاسا نێودەوڵەتییەکانی  لەبەرچاونەگرتووە و بەم شێوەیە لەلایەن بیروڕای گشتیی  یونان  وەک  وڵاتێکی لایەنگر و پشتیوانی کودەتاچیان  باسی دەکرێت  .