حوزه‌یران 23, 2018 17:09 Asia/Tehran
  • دوا وتەی میدیایی دەمیرتاش لەگەڵ دەنگدەرەکانی

سەلاحەددین دەمیرتاش : سوپاس بۆ ھەموو ئەوانەی کە بینەرو بیسەری لێدوانەکەم دەبن .

سەلاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپەو کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەمشەو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کەناڵە ئاسمانییەکانی تورکیاوە بۆ دەنگدەرانی خۆی دەدوێت.

بە پێی ئەم ھەواڵە کە لە زۆربەی ماڵپەڕە  کوردییەکاندا بڵاو بووەتەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش کەمێک لەمەوبەر لە ئەکاونتی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاندووە کە ئەم ئێوارەیە کاتژمێر ١٧:٥٠ خولەک بە کاتی تورکیا بۆدواجار لە شاشەکانی کەناڵی تی ئاڕ تی نیوزەوە قسە بۆ دەنگدەرانی دەکات.

دەمیرتاش ڕاشیگەیاندووە کە: سوپاسی ھەموو ئەوانە دەکات کە بتوانن بینەری بن و گومانی لەوە نییە کە لانیکەم دەنگدەرانی ھۆکارێک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی دەنگ بە خۆی و پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) بدەن. ئینجا ئاماژەشی کردووە بەوەی کە ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیایە و پێویستە ھەمووان ھەتا دوایین چرکە بەردەوامبن لە کارکردن. دەمیرتاش بۆ جارێکی تر داواشی لەو ھاوڵاتیانە کردووە کە ھێشتا دڵنیانین لەوەی بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆن، کە ڕاڕانەبن لەوەی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە سەر شانە و لەم قۆناغە مێژووییەدا دەبێ لە بارەی گرنگترین بژاردەی مێژووی سیاسی گەلەکەماندا ، بە تەگبیرەوە بجوڵێنەوە. بەڕێزی جەختیشی کردووە، دەنگی خۆتان بدەن و پیشانی بدەن کە وڵات ھی خەڵکە، نەک تەنیا ھی پیاوێک. با ئایندەی منداڵەکانمان و داھاتوویەکی کامەران بەدەنگەکانی سبەینێ  مسۆگەربکەین .

دەمیرتاش داواشی لە دەنگدەران و لایەنگرانی ھەدەپە کردووە بە شێوەیەکی برایانە ڕەفتار لەگەڵ دەنگدەرانی پارتەکانی دیکەدا بکەن.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا سبەینێ یەکشەممە ٢٤ ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت و سەلاحەدین دەمیرتاش یەکێکە لەکاندیدەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کە کاندیدی هەدەپەیە و لەزیندانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات. زۆرێک لە ڕێکخراوە فەرمی و نافەرمییەکانی جیھان و تەنانەت خەڵکانی دەرەوەی سنوورەکانی تورکیاش چاویان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی سبەینێی تورکیایە.

سەرپەیڤ