تشرینی یه‌که‌م 17, 2018 09:05 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی کاربەدەستێکی حیزبیی تورکیا لە سیاسەتە دەرەوەییەکانی دەوڵەت

سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی وڵاتەکەی لە بەرامبەر سووریادا ڕەخنەی گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، کەمال قلیچدار ئوغلو سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا ڕۆژی سێ شەممە لە پەرلەمانی تورکیادا ڕایگەیاند: چوونی سوپای ئەو وڵاتە بۆ سووریا ھەڵەیەکی گەورەو قەرەبوو نەکراوەو بووە ھۆی ئەوەی کە خوێنی موسڵمانێکی زۆر لەو وڵاتەدا بڕژێت.

سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە گەلێک جار لە بارەی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە خاکی سووریادا وشداریی داوەتە پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشە، وتیشی: جێگای داخە کە دەوڵەتی تورکیا ھێشتاش لە سەر ھەڵوێستی ھەڵەی خۆی لە ھەمبەر پرسی سووریا بەردەوامە.

کەمال قلیچدار ئوغلو سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا وتیشی: ئامادە بوونی نزیکەی چوار ملوێن پەناخوازی سووری لە تورکیا دەرەنجامی چوونی سوپای ئەم وڵاتە بۆ نێو خاکی سووریا بووەو ئەم پەناخوازانە دەبێ ھەرچی خێراتر بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

کاربەدەستانی تورکیا لەوباوەڕەدان کە پارتەکوردییەکان لەوانە پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا بە پشتگریی ھێندێک لە وڵاتانی بیانی لەوانە ئەمریکاو پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا بە نیازی پێکھێنانی وڵات و یان ھەرێمێکی سەربەخۆی کوردنشینە لە باکووری سووریاو باشووری سنوورەکانی تورکیا. ھەر بۆیە بە بیانووی خەباتی دژی ئەم  پارتانە ھێرشی کردووەتە سەر سووریاو سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بەزاندووە .  ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دیمەشق گەلێک جار لە ئۆپراسیۆن و ئامادە بوونی نایاسایی لەشکریانی تورکیا لە خاکی سووریادا ڕەخنەی گرتووە.

سەرپەیڤ