تشرینی دووه‌م 13, 2018 13:00 Asia/Tehran
  • ئەردوغان: فەرمانی کوشتنی خاشقچی لە لایەن باڵاترین ئاستی دەوڵەتی عەرەبستانەوە دەرچووە

سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی تر ڕایگەیاند: فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچی لە لایەن باڵاترین ئاستی دەوڵەتی عەرەبستانەوە دەرچووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی تر بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ھەوڵی کوشتنی جەمال خاشقچی بەرنامەیەکی پێشتر داڕێژراو بووەو کاربەدەستانی باڵای سەعودی فەرمانەکەیان دەرکردووە، لە سەر سزا درانی ھۆکاری سەرەکیی فەرمانەی کوشتنی ناوبراو پێی داگرت.

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی: کەسێک بێجگە لەو ھەژدەکەسە گیراوە بەرپرسی سەرەکیی کوژرانی ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرو نەیارەی سەعودییە کە دەبێ بناسێندرێت و دادگایی بکرێت.

ئەردوغان ھەروەھا پێی داگرت کە ئەم بابەتە دەبێ ڕوون بێتەوە کە تەرمەکەی جەمال خاشقچی چیی بەسەر ھاتووە و ئەگەر ئەنجن ئەنجن کراوە و یان گوێزراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکەو یاخود تەنانەت ئەگەر تەرمەکەی لە شوێنێکدا نێژراوە، دەبێ ڕوون بێتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە تورکیا ھەینیی ڕابردوو، ناوی سێ کەس لەو کەسانەیان ئاشکرا کرد کە لە تواندنەوەی تەرمەکەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرە کوژراوەکەی سەعودی بە تیزاب دەستیان ھەبووە.

بەرلەمە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نووسینگەی داواکاری گشتیی تورکیا ڕایگەیاند بوو کە، لە ماڵی سەرکونسولی سەعودی لە ئەستەموۆڵ دا پاشماوەی تیزاب و ھێندێک ماددەی کیمیایی تایبەتی  دۆزراوەتەوەو بە پێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان،تەرمەکەی جەمال خاشقچی بە تیزاب لەنێو براوەو تەواوی بەڵگەو ئاسەوارەکانی ئەو تاوانەش بە یەکجاری سڕدراونەتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا  بەرلەمەش پێی داگرتبوو کە:ئانکارا ھەتا ڕوون بوونەوەی یەکجاریی ڕاستییەکان لەگەڵ دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دا بۆ سزادانی ھۆکارانی ئەو تاوانە ھاوکاری دەکات و لە سەر ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت.

"جەماڵ خاشقچی" دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن بوو.

مێدیاکان چەن ڕۆژ دواتر ڕاپۆرتیان دا کە خاشقچی لە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستاندا کوژراوە .ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەواڵی کوژرانی خاشقچی لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: کوژرانی جەمال خاشقچی بەم واتایەیە کە ڕەخنەگران تەنانەت لە دەرەوەی عەرەبستانیش لە ئەماندا نین.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوای ڕوون بوونەوەو وەڵامدانەوەی ڕاشکاوانەی ڕیازی کردووە لەم پەیوەندییەدا.

ناوی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و ھەر لە بەر ئەمەش لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستاندا دەژیا.