تشرینی دووه‌م 15, 2018 08:37 Asia/Tehran
  • ژمارەی زیندانیانی گرتوخانەکانی تورکیا پێوانەی ئاسایی تێپەڕاندووە

شەعبان ییڵماز، بەڕێوەبەری گشتی زیندانیان و دەستبەسەرداگیراوانی تورکیا رایگەیاند، لەئێستادا گرتوخانەکانی تورکیا ٢٦٠ هەزار زیندانی لە خۆدەگرن.

ییلماز لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی تورکیادا ئاماژەی بەوەدا "ئەو ژمارەیەش ٤٠ هەزاری زیاترە لە قەبارەی ئاسایی زیندانەکان".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتیشی: " ٧٤٣ لە زیندانییەکان رەگەزی مێینەن و دایکن کە بە تۆمەتی بەشداری لە کودەتا شکستخواردووەکە دەستگیرکراون و ٥١٩یان دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە"." زیاتر لە ٦١هەزار کارمەند لەگرتوخانەکاندا کاردەکەن، و بەپێی پلانێکی بەڕیوەبەرایەتی گشتی زیندانی و دەستبەسەرداگیراوانی تورکیا بڕیارە لە ساڵی داهاتودا ١٠ هەزار کارمەندی دیکەی بۆ  زیاد بکرێت".

بەپێی ئامارێکی ساڵانەی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا،  لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠١٦ دا رێژەی زیندانی و دەستبەسەرداگیراوانی تورکیا ١٦.٧ زیادی کردووە، کە زۆربەی ئەو رێژەیە دوای رووداوەکانی کودەتاکەی ١٤ی تەموزی ٢٠١٦ بووە.