تشرینی دووه‌م 21, 2018 11:50 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی پارتی کۆماری خوازی گەلی تورکیا بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بارەی دەمیرتاشەوە: سەلاحەددین دەمیرتاش دەبێ ھەرچی خێراتر ئازاد بکرێت

کوکچە کوکچن، یاریدەری پارتی کۆماری خوازی گەلی تورکیا لە پەیامێکی توییتێڕی دا وێرای ئاماژە کردن بە بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بارەی دەمیرتاشەوە، ڕایگەیاند:سەلاحەددین دەمیرتاش دەبێ ھەرچی خێراتر ئازاد بکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، دوابەدوای دەرچوونی بڕیاری ئازاد کرانی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گه‌لانی تورکیا (هه‌ده‌په‌) کە ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دەرکرا، ئەم بابەتە بووەتە مانێشێتی ئەمڕۆی میدیاو کۆڕوکۆمەڵە سیاسیەکانی تورکیا. ئینجا دوای نەیارەتییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، باڵی ئۆپۆزیسیۆن و چەپی سۆشیالیستی تورکیا کاردانەوەی بەبڕشتانەی لەم بارەیەوە پیشان داوەو خوازیاری ئازاد کرانی خێرای دەمیرتاش بوونە.

لە جەنگەی ئەو دوو بەرەکییەی کە لە نێو کەشی توندی دووجەمسەریی کۆڕوکۆمەڵە سیاسییەکانی تورکیاد ا بەدی ھاتووە، گرینگترین پشتگری بۆ جێ بە جێ کرانی ئەو بڕیارە لە لایەن پارتی کۆماری خوازی گەلی تورکیا وەکوو گەورەترین ئۆپۆزیسیۆنی وڵات بووەو کوکچە کوکچن، یاریدەری ئەم پارتە لە پەیامێکی توییتێڕی دا داوای ئازاد کرانی ھەرچی خێراتری سەلاحەددین دەمیرتاشی کردووە.

کوکچە کوکچن، یاریدەری  پارتی کۆماری خوازی گەلی تورکیا لەو پەیامە توییتێڕیەی دا پێی داگرتووە: دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بارەی دۆسیەی سەلاحەددین دەمیرتاشەوە جەختی لە سەر پێشێلکرانی زۆرێک لە بڕگە یاساییەکانی لە بارەی ناوبراووەوە کردووە. ئا بەم جۆرە ئەوە سەلمێندراوە کە دەمیرتاش تەنیا لە بەر ھۆکارگەلی سیاسیە کە ئەم ھەموو ماوەیە لە بەندیخانەدا ماوەتەوەو بەم پێیە دەبێ ھەرچی خێراتر لە بەندیخانە ئازاد بکرێت.

جێگای ئاماژەیە ئەو بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دوای ئەوە دێت کە ماوەیەک لەمەوبەر مەحسون قارەمانی پارێزەری دەمیرتاش، لە بارەی نایاسایی بوونی گرتنی ناوبراو دۆسیەیەکی لە ١٨ خاڵ  پێکھێناو ڕەوانەی  دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای کرد و سکاڵای لە دژی دەوڵەتی تورکیا  بەرز کردەوە. لە ئەنجام دا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاش لەبارەی ئازاد کردنی دەمیرتاشەوە ڕایگەیاندووە مافی ئازادی و ئەمنیی ناوبراو پێشێل کراوە و دەبێت لە دەرەوەی زیندانەوە دادگایی بکرێت.

ئەمەش لە ھەل و مەرجێکدایە کە دەست بەجێ دوای ڕاگەیاندنەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، پابەند نابن بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش.