کانونی دوھەم 07, 2019 01:26 Asia/Tehran
  • کوردەکانی تورکیا بڕیاریان داوە بە لیستێک بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی شارەوانیی وڵاتەکەیان بکەن

حەوت پارتی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لە سەر ئەوە ڕێککەوتوون کە بە لیستێک بەشداریی بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی شارەوانیی وڵاتەکەیان بکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە حەوت پارتی ناوچە کورد نشینەکانی تورکیا  لە شارى ئامەد، بە یەک لیست بەشداریی کردنیان بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا رابگەیەنن.

لەم پەیوەندییەدا «عابد ئیکە» نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلانی تورکیا (هەدەپە) لە ھەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاندووە، پرۆژەکە لەلایەن هەدەپە ئامادەکراوەو ئامانجەکەشی بەشداری کردنى یەکپارچەو یەکدەستی هێزە کوردییەکانى تورکیایە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانی ئەم وڵاتە کە بڕیارە لە ٣٠ ى ئازارى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

بە قسەی ئەم بەرپرسەی پارتی دیموکراتی گەلانی تورکیا ، ئەو حەوت پارتە کوردیەی کە پێکەوە ڕێککەوتوون ھەتا بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن  بریتین لە: پارتی دیموکراتی گەلان-(هەدەپە)، حەرەکەتی ئازادیی، کۆمەڵەی کوردە دیموکراتە شۆڕشگێڕەکان(DDKD)، پارتی ماف و ئازادییەکان، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، پلاتفۆرمە دیموکراتەکانی کورد (PDK)، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا(PDK-T).

«عابد ئیکە» نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق جەختیشى کرد: وا ھەڵدەگرێت کە سەرجەم ئامادەکاریی لیستەکانى بەشدار لەو هەڵبژاردنە ھەتا پێش مانگى شوبات رادەستى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تورکیا بکرێت ، بۆیە هەوڵ دەدەین لەگەڵ ئەو لایەنانە لەسەر تەواوی ئامادەکاری و بڕیارەکان رێک بکەوین .

ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە،لەو راگەیەندراوەدا کە بە ئامادەبوونى هاوسەرۆکانی هەدەپە پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی و نوێنەری پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانى تورکیا دەخوێنرێتەوە ئەو پارتانە بەشداریی کردنیان بە لیستێک بۆ راى گشتى رادەگەیەنن.

سەرپەیڤ