کانونی دوھەم 08, 2019 14:46 Asia/Tehran
  • وتووێژی تەلەفۆنیی ئەردوغان لەگەڵ مادێرۆ ھاوکات لەگەڵ سەردانی بۆڵتۆن بۆ تورکیا

ھاوکات لەگەڵ سەردانی جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ تورکیا، ھەواڵدەریی ئاناتۆلی باسی وتووێژی تەلەفۆنیی سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ ھاوتا ڤێنزۆئیلاییەکەی کردووە کە پەیوەندییەکی ئاڵۆزکاوی لەگەڵ واشێنگتۆن دا ھەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئاناتۆلی، ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ نیکۆلاس مادێرۆ سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئیلا لە سەر ھۆگریی پەرە پێ دانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات جەختی کردووە.

ئەم وتووێژە تەلەفۆنییە لە ھەل و مەرجێکدا ئەنجامی گرتووە کە ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا مانگی ڕابردوو سەردانی کاراکاسی کرد بوو. سەردانی فەرمیانەی سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڤێنزۆئیلا یەکەم سەردانی سەرۆک کۆمارێکی تورک بۆ ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار.

بە بڕوای چاودێرانی نێونەتەوەیی ، وتووێژی تەلەفۆنیی سەرۆک کۆمارانی تورکیا و ڤێنزۆئیلا لە ھەل و مەرجێکدایە کە جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە تورکیادا بەسەر دەبات کە دیارە ئەمەش گرینگایەتیی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەکاتە دوو ھێندە.

لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییەدا پەیوەندییەکانی نێوان کاراکاس و واشێنگتۆن بەردەوام ئاڵۆز بووە و وتووێژە تەلەفۆنییەکەی  ڕەجەب تەیب ئەردوغان و نیکۆلاس مادێرۆ سەرۆک کۆمارانی تورکیا و ڤێنزۆئیلا ھاوکات لەگەڵ سەدانەکەی جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ئانکارا جۆرە سەربەخۆییەکی سیاسی لە لایەن تورکیاو ناڕەزامەندی دەربڕینی ئەم وڵاتە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دوژمنکارانەی واشێنگتۆن دژی ئانکارا دێتە ئەژمار.

پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە لە بەر کێشەگەلێکی وەک پشتگریی سەربازییانەی واشێنگتۆن لە شەڕڤانانی کوردی سووریا، ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن کە تورکیا بەگەڵاڵەداڕێژی سەرەکیی کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ١٥ی ژوولای٢٠١٦ی تورکیای دەزانێ، ھەڕەشەی بایکۆت کردن لە بەر کڕینی سیستێمگەلی موشەکیی ئێس چوارسەد لە ڕووسیاو ھەروەھا قۆڵبەست کردنی قەشەیەکی ئەمریکی لە تورکیا، تووشی ئاڵۆزی ھاتبوو.

 

سەرپەیڤ